میسر هەموو گفتوگۆ ئەمنییەکانی لەگەڵ تورکیادا ڕاگرت

10/04/2021
فۆتۆ: 

جارێکی دیکە پەیوەندییەکانی نێوان میسر و تورکیا ئاڵۆزی تێکەوتووە، لەو ڕووەوەشەوە حکومەتی قاهیرە بڕیاریدا پەیوەندییە ئەمنییەکان لەگەڵ تورکیا بۆ کاتێکی نادیار هەڵپەسێرێت.

کەناڵی (ئەلعرەبیە) لە زاری سەرچاوەیەکەوە کە ناوەکەی ئاشکرا نەکردووە بڵاویکردەوە، میسر گفتوگۆکانی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا هەڵپەسارد، ئەویش بەهۆی خۆدزینەوەی تورکیا لە کشاندنەوەی چەکدارە بەکرێگیراوەکانی لە ناوخۆیی لیبیا.

هاوکات حکومەتی میسر ئەو کۆبوونەوە فراوانەشی هەڵوەشاندەوە، کە بڕیار بوو لە کۆتایی ئەم مانگە لە قاهیرە لەگەڵ لێپرسراوانی تورکیادا ئەنجامی بدات.

سەرچاوەکە ڕوونیشیکردەوە، هەڵپەساردنی گفتوگۆی تایبەت بە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی میسر و تورکیا، ئەو کاتە دەچێتەوە بواری جێبەجێکردنەوە، کە تورکیا لە نزیکترین دەرفەتدا داخوازییەکانی میسر جێبەجێ بکات.

جەختیشیکردەوە، میسر تورکیای ئاگادارکردووەتەوە، کە پێویستە پەلە بکات لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست لە دژی (کەناڵە جیاجیاکانی ئیخوان) و ملیشیا و چەکدارە بەکرێگیراوەکان لە ناوخۆیی لیبیا، کە ئەنکەرە بردوونیتە ناوخۆیی ئەو وڵاتە.

بە گوتەی سەرچاوەکە حکومەتی تورکیا داوای کاتی زیاتری لە میسر کردووە، بۆ کشاندنەوەی ڕاوێژکارە سەربازییەکانی لەناوخۆیی لیبیا، بەڵام میسر جەختیکردووەتەوە، دەبێت تورکیا بە پەلە و بێ هیچ مەرجێک هێزەکانی لە ناوخۆیی لیبیا  پاشەکشە پێ بکات.

هاوکات میسر داوای لە حکومەتی تورکیا کردووە، هەموو کۆبوونەوە و چالاکییەکانی سەرکردەکانی ڕێکخراوی ئیخوان موسلیمین لە ناوخۆیی تورکیا ڕابگرێت، لە بەرامبەریشدا دەزگای ئاسایشی تورکیا جەختیکردووەتەوە، سەرجەم کۆبوونەوە و چالاکییەکانی ئەو گروپە ڕاگیراون، هاوکات ماوەی چەند هەفتەیەکە سەرکردەکانی ئیخوان خیزانەکانیان بردووەتە دەرەوەی تورکیا، جگە لەوەش ژمارەیەکیان هێشتا لەگەڵ تورکیا لە گفتوگۆدان، سەبارەت بە هەڵوێستی داهاتوویان لە قۆناغەکانی داهاتوودا.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی تورکیا فەرمانیانکرد، بە ڕاگرتنی پرۆگرامە سیاسییەکانی کەناڵە ئاسمانییەکانی نزیک لە کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین کە لە تورکیاوە پەخشیان دەکرد، بە تایبەت کەناڵەکانی (وەتەن، شەرق، موکمیلین) و گۆڕێنی پڕۆگرامەکانیان بە دراما و بەرنامەی هەمەرەنگ، جگە لەوەش ڕێککەوتنی لەگەڵ سەرکردەکانی ئەو گروپە کردووە، ئەگەر بێتوو پابەندی رێنماییەکانی دەسەڵاتدارانی تورکیا نەبن، ئەوا سزای کەناڵەکانیان دەدات و دەگاتە ئاستی داخستن.

ئەو گۆڕانکارییە نوێیانە لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و میسر لە کاتێکدایە، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، حکومەتی میسر ڕەتیکردەوە هیچ نزیکبوونەوەیەکی لەگەڵ تورکیادا هەبێت، وەک لێپرسراوانی تورکیا پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن.

لەو ڕوەوەشەوە حکومەتی میسر ڕایگەیاند، ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، پێویستی بە چوارچێوەی یاسایی دپلۆماتی هەیە، کە لە بنەڕەتەوە حوکمی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتان دەکات، کە خۆی دەبینێتەوە لە ڕێزگرتان لە بنەماکانی سەروەری و ئاسایشی نەتەوەیی عەرەبی.