کۆمپانیای دایۆ دەستی بە کارەکانی کردەوە لە بەندەری فاو

10/04/2021
فۆتۆ: 

کۆمپانیای دایۆی کۆری دەستی بە کارەکانی کردەوە لە پرۆژەی بەندەری مەزنی فاو، بە مەبەستی لابردن و لەناوبردنی پاشماوەکانی جەنگ و دەستکردن بە کارەکانی لە بەندەرەکەدا.

مزر ئەزیرجاوی پەرلەمانتاری عێراق ڕایگەیاند، کارکردن لە بەندەری فارو لە لایەن کۆمپانیایەکی تایبەت بە لابردنی مین و تەقەمەنی دەستپێکردووەتەوە، بە مەبەستی پاکسازیکردنی ڕێگای نێودەوڵەتی بەندەرە و ئەنجامدانی کار پاککردنەوەی ژێرەوەی کەناڵی خۆرزوبێر و لابردنی پاشماوە ژێرئاو کەوتووەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیای کۆرییەکە دەستیکردووە بە روماڵی کارەکانی لە کەناڵی دەروانی بەندەرەکە و پەلەکردن بە کارەکانی هەر سێ پڕۆژەکە کۆنەکەی بەندەری فاو.

لە لایەکی ترەوە بەهاء ئیسماعیل، لێپرسراوی پەیوەندییەکانی بەندەرەکانی عێراق ڕایگەیاند، بەم نزیکانە نزیکەی ٢٠٠ کارمەندی پسپۆڕ دەگەن پڕۆژەی بەندەری فاو بە کەلوپەلی پێشکەوتوەوە بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی کاری بەندەرە لە نزیکترین دەرفەتدا.

بەندەری مەزنی فاو بە یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژیەکانی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت، بەڵام بەهۆی  کێشەی بودجە و خۆکوشتنی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە کاری بەندەری فاو ڕاگیرا، ئیستاش حکومەتی عێراق دەیەوێت دەستبەکارەکانی بکاتەوە.

لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا، فایح هادی وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "کۆمپانیای دایۆ پاشەکشەی کردووە لە ڕێککەوتنی تەواوکردنی پرۆژەی بەندەری فاو و داوای پارەی زیاتر و درێژکردنەوەی ماوەی گرێبەستەکەی کردووە، بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە پرۆژەکەدا ".

ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزیری گواستنەوە داخوازییەکانی کۆمپانیاکەی ڕەتکردووەتەوە و داوایکردووە، پابەندی ئەو گرێبەستە بێت، کە سێ ساڵ لەمەوبەر لە نێوان هەردوولادا ئیمزا کراوە، کە داواکراوە قوڵایی بەندەرەکە نزیکەی ٢٠ مەتر بێت.

بەندەری گەورەی فاو لە ساڵی ٢٠١٠دا بەردی بناغەی دانراوە و عێراق لەگەل کۆمپانیای دایۆی  کۆریای باشور گرێبەستی کرد، بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە، بودجەی پرۆژەکە بریتی بووە لە ٤ ملیار و ٦٠٠ هەزار دۆلار.