بە تاوانی خیانەتی مەزن سعودیە 3 سەربازی خۆی لە سێدارەدا

10/04/2021
فۆتۆ: 

وەزارەتی بەرگری سعودیە ئاشکرایکرد، بە تۆمەتی (خیانەتی مەزن) سێ سەربازی خۆی لە سێدارەداوە.

ئاژانسی هەواڵی سعودیە (واس) بڵاویکردەوە، ئەو سێ سەربازە هەموویان پلەیان سەربازی ئاسایی بووە و بە و پێیەی پیشەیان سەرباز بووە، تاوانی خیانەتی مەزنیان دراوەتە پاڵ.

وەزارەتی بەرگری سعودیە لە بەیاننامەکەیدا بە هیچ شێوەیەک ئاماژەی بە وردەکاری تاوانی ئەو سێ سەربازەی وڵاتەکەی نەکردووە، بەڵام تەنها ئاماژەی بەوەکردووە، لە لێکۆڵینەوەکاندا بۆیان دەرکەتووە تاوانی خیانەتی مەزنیان ئەنجامداوە و هاریکاری دوژمنیانکردووە، ئەوەش زیان دەگەیەنێت بە قەوارە و بەرژەوەندییە سەربازییەکانی سعودیەن بەوهۆیەشەوە رەوانەی دادگا کراون سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە و ئەمڕۆش سزاکە جێبەجێ کراوە.

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا وەزارەتی بەرگری سعودیە متمانەی خۆی بە هێزە چەکدارە بەوەفاکانی نیشانداوە، بە سوێند و خوێنی خۆیان ئاسایش و ئارامی سعودیە و شوێنە پیرۆزەکانیان پاراستووە.

لە ساڵی ٢٠١٦دا دادگای سعودیە سزای لە سێدارەدانی سەپاند بەسەر ١٥ هاوڵاتیدا بە تاوانی سیخوڕیکردن بۆ ئێران، هەروەها لە هەمان دۆسیەدا سزای ٦ مانگ بۆ ٢٥  ساڵ زیندانیکردن بۆ ١٥ کەسی دیکەش دەرکرد.