سەبارەت بە پڕۆژەی هونەریی "پەڕینەوە "
لە شاری هەولێر بەردەوامی هەیە
"پەڕینەوە"، چەمكێكی فراوانە و لە هەر كۆنتێكستێكدا لێی بڕوانین، خاڵی دەرچوون و هەنگاونان و ناجێگیریە، پڕۆسێسی گواستنەوەیە لەدۆخێكەوە بۆ دۆخێكی تر، هەڵگری پەیامی بەرەو پێشچونە و لەهەمان كاتدا جێگیرنەبونە لە یەك شوێن و كاتی جوگرافیدا، یاخود مانەوە لە بۆتەیەكی دیاریكراوی هزری و مەعریفی دا .
"پەڕینەوە"، جگەلە تێپەڕین لەپێگەیەكەوە بۆ پێگەیەكی دیكە، فرە لایەنانە زۆر ڕەهەندی تر دەگرێتەوە ، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی ئەم شێوە ئاڕاستانەی وەرگرتووە. ئاراستە پەڕینەوەیەكیان كە بووەتە هۆی پێشكەوتنی مرۆڤایەتی، و كرانەوەی دەرگا داخراوەكانی ئەقڵ و هۆش و هەنگاونان بەرەو پێشكەوتنی مرۆڤایەتی، ئەوی تریان پەڕینەوەیەك بووە بەرەو كارەسات و تراژیدیای گەورە، كە لێكەوتەی چەوسانەوە ، ئازارو مەرگی بەلێشاو و لەناوچونی سەرجەمی بەهاكانی بەدواخۆیدا هێناوە. لێرەوە دەتوانین بڵێین، ئەم چەمكە كارا و ئامادەترین بووە لە ژیان و ژیاری ئێمەدا، و وایكردوە بەردەوام لە باری پەڕینەوە دابین، لە ژیانەوە تا مردن، لەبەرئەمەیە بابەتی "پەڕینەوە" باسێكی گرنگ بووە لە دنیای هونەری جیهانی و فرەچەشنانە ئاماژەی پێدراوە لە كایەكانی هونەری سەردەمدا. ئەمەش بەو هۆكارەی پێكداچونێكی راستەوخۆ و راستیگەری هەیە لەگەڵ كۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا بەگشتی. كۆمەڵگەی كوردیش، بەهۆی ئەو بارودۆخە جوگرافی و ئاینی و سیاسی و كۆمەڵایەتی و كلتورییەی كە هەیەتی، لەم حاڵەتە بەدەر نەبوە و بەردەوام بەر پڕۆسێسی پەڕینەوە كەوتوە، ئەم پێكداچونەش كاریگەری خۆی قوڵ فڕێداوەتە سەر هونەرمەندان و ڕاشكاوانە ئەوە دەبینرێت كە لە كارە هونەرییەكانیاندا ئەزمونی ئەم چەمكەیان پیادە كردوە و هەوڵی بەرجەستەكردنیان داوە لەڕێی كاركردنی خۆیانەوە، جا ئەم خواستە بەرجەستەییە، هەر جارەی بە جۆر و ڕوانگەیەك لە ئایدیا و كۆنسێپت و مەتریال و شێوازی كاركردنیاندا ڕەنگی داوەتەوە، هاوشان بوەتە مایەی دەستكاری ئاراستەی هونەرییان، لەڕووی شوێن و كات و خودێتی هونەرمەند خۆیەوە. چونكە هونەرمەندانی كوردیش لە میانەی سیستەمێكی جیهانیدا كاردەكەن و ئاگادارن لەو گۆڕانكاریانەی كە جیهان پێیدا تێدەپەڕێت. گەرچی ئەم ئەزمونكردنە بەشێوەیەكی بنچینەیی نەبووە،وەك تێبینی دەكرێت هەندێك جار بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ هونەرمەندان مامەڵەیان لەگەڵ ئەم بابەتە كردوە. جاری وەهاش بوە ناڕاستەوخۆ و لەژێر حوكمی بارودۆخێكی نەخوازراودا ڕوبەڕوی كرداری پەڕینەوە بونەتەوە، وەك پەرچەكردارێ لە كارو بەرهەمەكانیان بەڕوخسارێكی سیاسی و ئاینی و دیمۆگرافی و كلتوری و فیكری و كەسیی ئامادەبۆتەوە ، و بەشێوەیەكی ئەندێشەدار دەربڕینیان بۆ كردوە. چونكە ئەو پەڕینەوانەی لەم ناوچەیەدا ڕویداوە، بەشێكی زۆری سەرهەڵگرتنی ناچاری و زۆرەملێ و هەڵاتن بووە لە ژینگەیەكی پڕ لەجەنگ و ترس، هەڵاتنێ لەپێناو مانەوە و هەناسەدانیان لەژیاندا .
ئەم نمایشەش كە دەیبینن، ڕوانگەو كاردانەوەی قۆناغەكانی پەڕینەوەی چەند هونەرمەندێكە، كە هەریەكەیان بە شێوەیەك بەرجەستەی چەمكی پەڕینەوەیان كردوەو جەختیان لی كردۆتەوە. كارە هونەرییەكان لە ڕەهەندی جیاوازەوە دەچنەوە سەر ئەم چەمكە، و بەشێوە و ژانری جیاوازی هونەری گوزارشتی خۆیان كردوە،و كردویانە بە خولگە و هەوێنی كۆبونەوەی خۆیان .
كارەكانی ئەم پڕۆژەیە بە شێوەی: نیگاركێشان، ئینستەلەیشن، پێرفۆڕمانس، فۆتۆ، ڤیدیۆ ئارتە. سەرجەم كارەكان لە بازنەی چەمكی پەڕینەوەدا خول دەخۆن. ئەمە هەوڵێكە بەو هیوایەی لە خۆیدا ببێتە پەڕینەوەیەكی هونەری، لەو قۆناغە هەستیارەی ئێستای هونەری شێوەكاری هاوچەرخ لە كوردستاندا پێیدا تێدەپەڕێت .
هـونهرمهندانی بهشـداربوو: ئهحمهد نهبهز - بههرام حاجۆ - جهمال پێنجوێنی - ساكار سلێمان - سیروان باران - عوسمان ئهحمهد - قهرهنی جهمیل - شوكر سهعید - خهدیجه بهكر
ڕێكخهری پڕۆژه: ئهحمهد نهبهز
ههولێر-گـهلهری جـیهان
ڕۆژی پێنج شەمە ٨ - ٤ - ٢٠٢١
بەردەوام دەبێت تاکو ٣٠ - ٤ - ٢٠٢١
كــاتـژمــێـر (٤)ی ئــێـواره
ڕۆژانی دواتر (٩)ی بهیانی تاکو (٥)ی ئێواره
چەند دیمەنێک لە ڕۆژانی پڕۆژەکە:
|