چاوپێکەوتنی ژیان لەگەڵ هەوراز محەمەد ئامادەکاری گۆڤاری گەشتەکەی خونچە و ئادان

10/04/2021
فۆتۆ: 

سازدانی: داستان

هەوراز محەمەد ئامادەکاری گۆڤاری (گەشتەکەی خونچە و ئادان) رایگەیاند، کاری ئەم گۆڤارە ئاشناکردنی منداڵی کوردە بە نیشتمانەکەی بەشێوەیەکی پەروەردەیی هاوچەرخ .

لە ماوەی ڕابردوودا دەزگای مرۆیی مام پڕۆژەیەکی لە بواری منداڵاندا پێشکەش بە منداڵانی کوردستان کرد، کە خۆی لە گۆڤارێکدا دەبینێتەوە بە ناوی (گەشتەکەی خونچە و ئادان)، کە خاتوو (گەشە کاکە حەمە) خاوەنی ئیمتیازیەتی، (هەوراز محەمەد) نوسەر و ئامادەکاری گۆڤارەکەیە، خاتوو (تریفە غەریب) کارەکتەرساز و دیزاینەرە و (زانا نەوزاد) بەڕێوەبەری هونەری گۆڤارەکەیە.. هاودەم تیمێکی تایبەتمەندیش بە پاسێکەوە گۆڤارەکە دابەش دەکەن بەسەر ناوچە جیاوازەکاندا ئەمەش  بە هاوکاری کتێبخانەی گشتی سلێمانی .

لەم دەرفەتەی (ماڵپەڕی ژیان)دا (هەوراز موحەمەد) وەک ئامادەکاری گۆڤاری (گەشتەکەی خونچە و ئادان) تایبەت بە ژیان دەدوێن :

ژیان: ئامانجتان لە گۆڤاری (گەشتەکەی خونچە و ئادان) چییە؟

هەوراز موحەمەد: گەشتەکەی خونچە و ئادان، گۆڤارێکی تایبەتمەندی منداڵانە بۆ قۆناغی بنەڕەتی، مەبەست لێی ناساندنی مێژوو و جوگرافیا و کلتوری کۆمەڵگەی کوردستانییە. سەرگوزشتەی دوو منداڵی کوردە بەناوەکانی خونچە و ئادان، کە بەشێوەیەکی بەردەوام لە گەشتکردندان. هەر جارێک دەچنە ناوچەیەکی کوردستان و لەڕێگەی ئەم گەشتەوە ئاشنا دەبن بە مێژووی ئەو ناوچەیە و جوگرافیاکەی، جل و بەرگ و خواردنەکانی، یاری و ئاژەڵ و باڵندەکانی.. چیرۆکەکە ئەوەیە خونچە و ئادان ئەوەی دەیبینن بۆمان دەگێڕنەوە .

ژیان: لە چییدا دەتانەوێت جیاواز لە گۆڤارەکانی دیکەی تایبەت بە منداڵان کار بکەن؟

هەوراز موحەمەد: جیاوازی ئەم گۆڤارە ئەوەیە، تایبەتمەندە و کولتوروی و لەپرۆژەی نیشتمانسازیدایە، کاری ئەم گۆڤارە ئاشناکردنی منداڵی کوردە بەنیشتمانەکەی بەشێوەیەکی پەروەردەیی هاوچەرخ .

ژیان: بەوپێیەی گۆڤارەکە جۆرێکە لە کارکردنی گەڕۆک، تاچەند ئەمە لە بەرژەوەندی گۆڤارەکەیە؟

هەوراز موحەمەد: گۆڤارەکە شێوەیەکی گەڕۆک و گەڕانی تیادایە، هەوڵدانێکە بۆ فراوانکردنی ئەزموونی بیریی منداڵ و ئاشناکردنیان بە جوگرافیای نیشتمان، دواتریش کە گۆڤارەکە بڵاو دەبێتەوە تیمی دەزگای مرۆیی مام شار بە شار و دێ بەدێ دەگەڕێن و گۆڤارەکە بەسەر منداڵاندا دابەشدەکەن.. ئەمە جگە لەوەی بەسەر بەڕێوەبەرێتی پەروەردەکان و کتێبخانەکانیشدا دابەش دەکرێت .

ژیان:  وەک دەزانین تەکنۆلۆژیا سەرجەمی چین و توێژەکانی خستۆتە ژێر هەژموونی خۆیەوە، ئەمەش وایکردووە نزیەکە ڕۆژگاری پرینت نامێنێت، ئایا ئێوە چیدەکەن بۆ ئەوەی ئەو ئامانجەی هەتانە زۆرینەی منداڵان لێی سوودمەندبن؟

هەوراز موحەمەد: هەرچەندە دونیای تەکنەلۆژیا پانتاییەکی فراوانی داگیرکردوە، بەڵام هەرگیز ناتوانێت کۆتایی بەچاپ و گرنگی چاپی ماتریاڵەکان بهێنێت، گۆڤارەکە بەشێوەی چاپ زۆر زیاتر و باشتر دەکەوێتە بەردەستی منداڵی کورد .

ژیان: لە ڕووی پسپۆڕییەوە کارکردن بۆ منداڵان جیاواز لە کارکردن بۆ هەر ئاست و تەمەنێکی دیکە پێویستی بە مامەڵەیەکی ورد و پیشەییانەی زانستی هەیە، ئێوە لە میانی ئەم گۆڤارەدا ئەوەتان لەبەرچاو گرتووە؟

هەوراز موحەمەد: من لەبەرئەوەی خۆم توێژەری کۆمەڵایەتیم و تیمی پەروەردەی دەزگای مرۆیی مامیش هاوکارمانن، هەروەها گۆڤارەکە لەلایەن بەشی پسپۆڕی پەروەردەیی لەوەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی رۆشنبیریش رێگەی بڵاوبوونەوەی پێدراوە و ئاماژە بەوە دراوە کە گۆڤارێکی پەروەردەییە و شیاوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن، بیرمان لە قۆناغی خوێندنی بنەڕەتی کردۆتەوە وەک لایەنی تەمەن .

ژیان: ناوەڕۆکی ژمارەی یەکەمی گۆڤارەکەتان تایبەت بوو بە چی و تاکو چەند پێشوازیی لێکرا و لەو ئامانجانە نزیک بۆوە کە هەتانن؟

هەوراز موحەمەد: ناوەڕۆکی ژمارەی یەکەم، گەشتە بۆ شاری دێرینی حەسەن کێف لە باکور، لە ژمارە دوودا دێنە باشور بۆ سلێمانی، لەسێدا دەچنە رۆژاڤا بۆ کۆبانێ، لە چواردا بۆ رۆژهەڵات و هەورامان ئیتر بەم جۆرە درێژە دەکێشێت .

ژیان: لە داهاتوودا مەبەستتانە چ بابەتگەلێکی دیکە بۆ منداڵان بەیان بکەن؟

هەوراز موحەمەد: لەداهاتووی نزیکدا بەنیازین پەیج و وێبسایت بۆ گۆڤارەکە دروست بکەین تا منداڵی کورد لە تاراوگە و هەر شوێنێکی تر کە دەستی بە گۆڤارەکە ڕا ناگات بتوانن سودمەند ببن لێی.

چەند دیمەنێک لە کاتی بڵاوکردنەوەی گۆڤاری (گەشتەکەی خونچە و ئادان):