رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران: رووداوەکەی نەتەنز زیانی گیانی نەبووە

11/04/2021
فۆتۆ: 

لە بنکەی ئەتۆمی نەتەنز رووداوێک روویدا و وتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێرانیش دەڵێت، رووداوەکە زیانی گیانی بەدواوە نەبووە.

ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویانکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ی٤ی٢٠٢١، لە بنکەی ئەتۆمی نەتەنز، سەرەکیترین دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێران، لە پارێزگای ئەسفەهان رووداوێک روویداوە.

لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ئیسنا، بێهروز کەمالوەندی وتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران هەواڵەکەی پشتڕاستکردووەتەوە و رایگەیاندووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە بەشی دابەشکردنی کارەبای دامەزراوەی نەتەنز کێشەیەک دروستبووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە رووداوەکە زیانی گیانی و پیسبوونی ژینگەی لێنەکەوتووەتەوە".

وتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران راشیگەیاندووە، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە دەستیپێکردووە و لە داهاتوودا زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە بڵاودەکەنەوە.

دوو ڕۆژ پێش ئێستا عەلی ئەکبەر ساڵحی سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی رایگەیاند، "چەند مانگ پێش ئێستا دوژمن هۆبەی مۆنتاژی سانتریفیوژەکانی لە بنکەی ئەتۆمی نەتەنز تەقاندەوە بەڵام ئێمە دەستەوەستان نەبووین و توانیمانی هۆبەیەکی کاتی تر دروست بکەین".

ئاشکراشیکرد، لە ئێستادا و لە شاخەکانی نزیک بنکەی ئەتۆمی نەتەنز شەو و رۆژ کاردەکەن بۆ ئەوەی چند هۆبەیەکی گەورەی پیتاندنی یۆرانیۆم لەناو جەرگەی ئەو شاخانەدا دروست بکەن.

ساڵی رابردوو لە بنکەی ئەتۆمی نەتەنز تەقینەوەیەک روویدا و دواتر رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، تەقینەوەکە کاری ئیسرائیل بووە و زیانی زۆری لێکەوتووەتەوە، بەشێوەیەک پڕۆسەی پیتاندی یۆرانیۆمی لە بنکەکە وەستاندووە.

چەند رۆژ دواتر ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئێران رایگەیاند، هۆکار و پاڵنەری رووداوەکەیان ئاشکراکردووە بەڵام بەهۆکاری ئەمنیی ئاشکرای ناکەن و لە کاتی خۆیدا بڵاویدەکەنەوە.