ئیسرائیل: ئێمە لە پشت هێرشەکەی ئەمرۆی بنکەی ئەتۆمی نەتەنزەوە بووین

11/04/2021
فۆتۆ: 

رادیۆی گشتی ئیسرائیل لە زاری چەند سەرچاوەیەکی هەواڵگرییەوە بڵاویکردەوە، دەزگای هەواڵگری مۆساد لە پشت ڕوداوەکەی وێستگە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە بووە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوە هەواڵگریانە، مۆساد هێرشێکی ئەلکترۆنی لە دژی دامەزراوەی ئەتۆمی نەتنەزی ئەتۆمی ئێران ئەنجام داوە.

ئەو هەواڵە لە کاتێکدایە، بەهرۆز کەمالوەندی وتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ڕایگەیاند، تۆڕی کارەبای دامەزراوەی ئەتۆمی نەتنەز ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ڕوداوێک بووەتەوە، بەڵام هیچ زیانێکی مرۆیی و تیشکی نەبووە.

لە لایەکی دیکەوە عەلی ئەکبەر ساڵحی سەرۆکی دامەزراوەی ئەتۆمی ئێران دانی نا بەوەدا، کە ڕوداوێکی ناڕوون بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ناو دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم ڕوویداوە و ڕوداوەکەش دەستێکی لە پشتەوە بووە.

ساڵحی ڕوداوەکەی بە تیرۆری ئەتۆمی ڕاگەیاند و ئیدانەی کرد و جەختیکردەوە، ئەو روداوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی دژی پێشکەوتنی پیشەسازی و سیاسی ئێرانن، شکسیتان هێناوە بۆ ڕێگریکردن لە گەشەپێدانی پیشەسازی ئەتۆمی لە وڵاتەکەیدا.

داواشی لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی و ئاژانسی جیهانی وزەی ئەتۆم کرد، مامەڵە بکەن لەگەڵ تیرۆری ئەتۆمی لە دژی ئێران.

ڕوداوەکەی ئەمرۆی دامەزراوەی ئەتۆمی نەتنەز کە پەیوەندی هەبووە بچێرانی وزەی کارەباوە، دوای لێدوانەکەی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانە، کە ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، دەستکراوە بە دابینکردنی گازی ئەتۆمی (UF6 ) بۆ دامەزراوەی ئەتۆمی نەتنەز.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا دامەزراوەی نەتنەز رووبەڕووی تەقینەوەیەکی نەزانرا بۆوە، بەڵام دواتر دەسەڵاتدارانی ئێران بە کارێکی تێکدەرانەیان ناوبرد.