لە فەرمانگەکانی عێراق لە ڕەمەزاندا کاتژمێرێک دەوام کەمکرایەوە

12/04/2021
فۆتۆ: 

لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتیمانی چەند بڕیارێکی تایبەت بە مانگی پیرۆزی رەمەزان دەرکرد، لەوانە کەمکردنەوەی دەوامی فەرمانگەکانە.

کەناڵی تەلەفزیۆنی عێراقییەی فەرمی لە زاری لیژنەکەوە بڵاویکردەوە، بڕیاردراوە بە بەردەوامبوونی قەدەغەی هاتووچۆی گشتگیر لە ڕۆژانی هەینی و سەممەدا.

سەبارەت بە قەدەغەی هاتووچۆی دیاریکراو، لیژنەی تەندروستی و سەلامەتی نیشتیمانی بڕیاردا لەمەودوا قەدەغەی هاتووچۆی ڕۆژانە لە کاتژمێر ٨ی ئێوارەوە بۆ ٥ بەیانی دەبێت.

سەبارەت بە دەوامی فەرمی فەرمانگەکانیش کاتژمێرێک لە ڕۆژانی ئاسایی کەمدەکرێتەوە.

لیژنەکە بڕیاریشداوە دەرمانخانەکان و کۆگاکانی فرۆشتنی کەلوپەلی خۆراکی و فڕن و نانەواخانەکان قەدەغەی هاتووچۆکە نایانگرێتەوە و ڕێگەیان پێدەدرێت لە ڕۆژانی هەینی و شەممەدا تا کاتژمێر ٧ی ئێوارە کار بکەن.

سەبارەت بە دەوامی قوتابخانەکانیش لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتیمانی بڕیاریداوە دەوام لە پۆلەکانی یەک و دوو و سێی سەرەتایی و قۆناغە کۆتاکان ئاسایی بێت و بە ئامادەبوونی قوتابیان بەڕێوە بچێت.