بڕیارەکانی لیژنەی ئۆپراسیۆنەکانی سلێمانی بۆ مانگی رەمەزان
لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ لەکۆبوونەوەی خۆیدا چەند بڕیارێکی دەرکرد، سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و چاودێری و ڕێکخستنی بازاڕ و ڕێگریکردن لە قۆرخکاری لە مانگی ڕەمەزاندا.
لە ڕاگەیەندراوێکدا لێژنەکە بڵاویکردەوە، ئامانج لە کۆبوونەوەکە جەخت لە بڕیارەکانی کۆبوونەوەی ڕۆژی (١١/ ٤/ ٢٠٢١)ی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان کرایەوەو میکانیزمی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان دیاریکران، بەتایبەتی بەستنی ماسک و دوورکەوتنەوە لە قەرەباڵغی.
ئاماژە بەوەشکراوە، یەکە کارگێڕییەکان و لیژنە هاوبەشەکانی قائمقامیەت لە یەکە کارگێڕییەکاندا بەوردیی چاودێریی بازاڕو نرخی کاڵاو کوالیتی و قەبارەی خستنەڕووی پێداویستیەکانی خەڵک و هەر سەرپێچی و قۆرخکارییەک دەکەن و ڕێکاری پێویستیان لەبەرامبەردا دەگرنەبەر.
لەبەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا جەختکراوەتەوە لەوەی، پێویستە هەموو شوێنە گشتیی و تایبەتەکان بە ڕەچاوکردنی ڕێزگرتن لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزو بەپێی ڕێکارە تەندروستیی و خۆپارێزییەکان کاربکەن و هەموو ئەو بڕیارو ڕێکارانەی بۆ ئەم مەبەستە بەپێی سێکتەرەکان پێویستن لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا جێبەجێ دەکرێن و سەرپێچیکار سزا دەدرێت.
دەربارەی کاری مولەیدە ئەهلییەکانیش لیژنەکە ئاماژەی بەوەکردووە، بە هەماهەنگیی نێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای پارێزگای سلێمانی و خاوەن موەلیدە ئەهلیەکان بەشێوازێکی گونجاو بەرنامەی پێدانی کارەبا ڕێکخراوە، کە لەگەڵ تایبەتمەندیی مانگی ڕەمەزان و پێداویستی هاووڵاتیاندا بگونجێت.
لە کۆتایی کۆبوونەکەدا جەختکراوەتەوە لەسەر خۆپارێزیی هاووڵاتیان و پێویستی وەرگرتنی پێکوتەی تایبەت بە کۆرۆناو ئامادەیی دامەزراوە تەندروستیەکان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی چارەسەرسازیی بە هاووڵاتیان کرانەوە.
|