باشترین خۆراکەکان بۆ پارشێو

12/04/2021
فۆتۆ: 



ڕاپۆرتە تەندروستییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەو خۆراکانەش دەبێت دەوڵەمەند بن ڤیتامینەکان و کانزا و مادە ڕیشاڵییەکان و شلەمەنی، بۆ ئەوەی ڕۆژوان بتوانێت بەرگری برسێتی و توینوویەتی ڕۆژ بکات.

گرنترین خواردن وخواردنەوەکانیش بریتین لە:

خورما:

بە یەکێک لە خۆراکە باشەکان دادەنرێت بۆ پارشێو، چونکە ڕێژەیەکی زۆر لە مادەی ئاسن و شەکری سروشتی تێدایە و وزەی پێویست دەدات بە جەستە، جگە لەوەش مادەی ڕیشاڵی زۆری تێدایە و هیچ جۆرە ڕۆنێکی زیانبەخشی تیا نییە، بە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی پۆتاسیۆم و مەگنسیۆم و کالیسیۆم و مادە ئەندامەییەکان و دژە ئۆکسانەکان دادەنرێت.

ماست و شیر:

پێکهاتەکانی ماست و شیر بڕێکی زۆر لە بەکتریا سودبەخشەکانی تێدایە، سودی زۆریان هەیە بۆ دەزگای هەرس و سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بە مادەکانی کالیسۆم و پرۆتینی سروشتی، یارمەتی جەستە دەدات بە درێژایی ڕۆژ و بە شێداری دەیهێڵێتەوە، ئەگەر ماست و شیر و خورما لە پارشێودا بخورێت، بە ژەمێکی تەواوەتی زۆر بە سوود و تەندروست دادەنرێت.

سەوزە بە گشتی:

بابەتەکانی سەوزە بە گشتی و کاهۆ و خەیار، دەوڵەمەندن بە ڤیتامین و خوێن و ڕیشاڵەکان، بڕی پێویست لە شلەمەنی بۆ لاشە دابیندەکەن، بەو پێیەی خۆیان بڕێکی زۆر ئاویان تێدایە، ئەوەش پارێزگاری لە ڕۆژوان دەکات، لە ڕۆژە گەرمەکاندا کەمتر هەست بە تینوویەتی بکات.

میوە:

بە تایبەت مۆز، بەو پێیەی بڕێکی پێویست لە پۆتاسیۆم و مەگنیسیۆم  تێدایە سودی زۆری هەیە بۆ جەستە، سێو و هەنجیر و کاڵەک، بە گشتی لەو میوانەن کە لە پارشێودا سودی زۆریان هەیە بۆ جەستە و بە درێژایی ڕۆژ کاریگەریی دەمێنێتەوە.

پاقلە و زەیتی زەیتون:

یەکێک لە ژەمە زۆر بەسودەکان، بەڵام بۆ ئەو کەسانە نا کە هەستیاریان بە پاقلە هەیە، چونکە ئەو ژەمە بڕێکی باش لە پرۆتینی تێدایە و لاشە هەست بە تێری دەکات بۆ ماوەیەکی زۆر، یەکێکە لەو بابەتانەی کە بە خێرایی هەرس ناکرێت، بەوەش کاریگەریی باشی دەبێت لەسەر برسێتی بە درێژایی ڕۆژ.

نانی بۆر و دانەوێڵە و شۆفان

بە سەرچاوەیەکی گرنگی وزە و کاربۆهێدرات دادەنرێت، بەهۆی ئەوەی درەنگ هەرس دەکرێت، وزەی پێویست بۆ لاشە دابین دەکات و هەست بە برسێتی زۆر ناکرێت.

هێلکە و پەنیر:

بە دوو سەرچاوەی دەوڵەمەندی خۆراک دادەنرێت و زۆر بە سودن بۆ ڕۆژوان، بە تایبەت ئەگەر لە پارشێودا بە بڕی زۆر نەخورێت، چونکە بەسەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی کالیسیۆم و پرۆتین دادەنرێت، کە لە ڕەمەزاندا جەستە پێویستی زۆری پێیانە.

ئاو:

بە پێکهاتەیەکی سەرەکی هەموو ژەمەکان دادەنرێت، بە تایبەت بۆ پارشێو، بۆیە پێویستە لەو ژەمەدا بڕی پێویست ئاو بخورێتەوە، بۆ ئەوەی بە درێژایی ڕۆژ قەرەبووی ئەو شلەمەنییانە بکاتەوە لە ڕۆژدا لە دەست دەدرێت، هەروەها بۆ ئەوەی جەستەش دووچاری وشکبوونەوە نەبێت.

پسپۆڕانی خۆراک ئامۆژگاریمان دەکەن لە ژەمی پارشێواندا بە هەموو شێوەیەک دوور بکەوینەوە لە ژەمە چەور سوێر و سورکراوەکان، خۆ بە دورگرتن لە هەموو بابەتەکانی ترشی وەک ترشیات، دوورکەوتنەوە لە شیرینی زۆر و خواردنە توونەکان و خواردنەوە گازییەکان و شەربەتە دەستکردەکان، چونکە بە درێژایی ڕۆژ هەست بە تینوویەتی و هیلاکی دەکەیت.