کۆشکی سپی: دوودڵین لە هەنگاوەکانی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم

14/04/2021
فۆتۆ: 

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوودڵی و نیگەرانی خۆی ڕاگەیاند سەبارەت بەو راگەیاندنەی ئێران، کە دەستیکردووە بە پێتاندنی یۆرانیۆم بە ڕێژەی لە ٦٠% و ئەو هەنگاوەشی بە بێزارکەر ناوبرد.

جین بساکی وتەبێژی کۆشکی سپی ئەمریکا ڕایگەیاند، بە بایەخەوە لەو ڕاگەیاندنە بێزارکەرەی ئێران دەڕوانن کە باس لە هەوڵی پیتاندنی یۆرانیۆم دەکات بەڕێژەی لە ٦٠%، بۆیە پێویستە لەسەر کۆمەڵەی ٥+١ بە یەک دەنگ ئەو هەوڵەی تاران ڕەتبکەنەوە.

وتەبێژی کۆشکی سپی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەنگاوە گومانەکان لەسەر نێیەتی تاران زیاتر دەکات، سەبارەت بە لێدوانەکانی لەسەر گفتوگۆی ئەتۆمی، بۆیە دۆخەکە پێویستی بە گەڕانەوە و پابەندبوون و کاری هاوبەشە.

ئەو وتانەی کۆشکی سپی ئەمریکا لە کاتێکدایە، حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، ئەگەر سەرجەم گەمارۆکان لەسەر وڵاتەکەی هەڵبگیرێت، ئەوا دەگەڕێنەوە بۆ ڕێژەی لە ٢٠%ی پیتاندنی یۆرانیۆم، بەڵام بەرزکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم بە ڕێژەی لە ٦٠%، وەڵامی تارانە بۆ هێرشەکەی کە کرایە سەر بنکەی ئەتۆمی نەتەنز.

ڕۆحانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل بەرپرسە لە هێرشەکەی سەر نەتەنز، وەلامی یەکەم بەرزکردنەوەی یۆرانیۆم بوو بەڕێژەی لە ٦٠%.

جەختیشیکردەوە ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت ڕێگری لە ئێران بکات لە گەشەپێدانی پیشەسازی ئەتۆمی وڵاتەکەی.

لە لایەکی ترەوە عەباس عێراقچی گەورە گفتوگۆکاری ئێران لە وتوێژە ئەتۆمییەکان ڕایگەیاند، ئێران دەستی کردووە بە پیتاندنی یۆرانیۆم بە ڕێژەی لە ٦٠%.

ئەو ڕاگەیاندنەی ئێران دوای هێرشەکەیە کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا کرایە سەر بنکەی ئەتۆمی نەتەنز، کە ئیران هێرشێکی تێکەدەرانە و تیرۆری ئەتۆمی ناویبرد.