بەرهەم ساڵح و ڕۆحانی جەختیانکردەوە لە کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە
بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق و حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران جەختیانکردەوە لە گرنگی کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکانی ناوچەکە و پابەندبوون بە دیالۆگ و گفتوگۆ بۆ یەکلایکردنەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان.
سەرۆکایەتی کۆمار لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، بەرهەم سالح سەرۆک کۆماری عێراق بە تەلەفۆن پەیوەندیی کردووە بە حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران و پێکەوە پیرۆزبایی هاتنی مانگی ڕەمەزانیان لە یەکتر کردووە، هەردوولا هیوای ئاسایش و ئارامی و پێشکەوتنیان بۆ گەلانی یەکتر خواستووە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە و پێویستی هەماهەنگی بکرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی کێشە جیاوازەکان بەتایبەت پەتای کۆرۆنا و کارکردن بۆ سنووردارکردن و کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی لەسەر تەندروستی و ئابووری و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا .
وەک لەبەیاننامەکەدا ئاماژەی پێکراوە، تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان بەرهەم ساڵح و ڕۆحانی، تاوتوێکردجنی پەیوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات و ڕێگاکانی گەشەپێدانی بووە لە سەرجەم بوارەکان، بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلی هەردوولا و بتەوکردنی پەیوەندییەکان بکات.
|