وەزارەتی ناوخۆ: هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر لەڕێگەی درۆنی تی ئێن تیکراو ئەنجامدراوە
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای لێکۆڵینەوە و بەداواداچوونی دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ هۆکاری تەقینەوەی ئەمشەوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، لە ئەنجامدا دەرکەوت کە هێرشەکە بەڕێگەی درۆنی TNTکراو بووە و ئاراستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان کراوە لە ناو فڕۆکەخانە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە و تەنها زیانی ماددی بەر باڵاخانەیەک کەوتووە.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە، لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامن بۆ دیاریکردنی سەرچاوە و شوینی هاتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
دوای لێکۆڵینەوە و بەداواداچوونی دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ هۆکاری تەقینەوەی ئەمشەوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، لە ئەنجامدا دەرکەوت، هێرشەکە بە ڕێگەی درۆنی TNT کراو بووە و ئاراستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان کراوە لە ناو فڕۆکەخانە. خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نییە و تەنیا زیانی ماددی بەر باڵاخانەیەک کەوتووە. لێکۆلینەوەکانیش بەردەوامن بۆ دیاریکردنی سەرچاوە و شوینی هاتنی درۆنەکە .
|