راوێژکارێکی کازمی: قەرزەکانی عێراق گەیشتووەتە 73 ملیار دۆلار

15/04/2021
مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری دارایی
فۆتۆ: ئەرشیڤ

راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری دارایی رایگەیاند، قەرزە ناوخۆیی ‌و دەرەكییەكانی عێراق گەیشتوەتە 73 ملیار دۆلار ‌و پێویستە عێراق ئەم قەرزانە بگەڕێنێتەوە، ئەمە لەپاڵ 40 ملیار دۆلاری تردا كە قەرزی هەڵپەسێردراوی هەشت وڵاتە.

مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری دارایی رایگەیاند،  گەورەترین قەبارەی قەرزی عێراق بۆ پێش ساڵی 1990 دەگەڕێتەوە كە قەرزەكانی زیاتر لە (128 ملیار) دۆلار بووە، بەڵام بەگوێرەی رێككەوتنی یانەی پاریس لە ساڵی 2004دا، رێككەوتن كرا لەسەر ئەوەی هەموو ئەو وڵاتانەی كە قەرزیان لای عێراقە، رێژەی 80% یاخود زیاتری قەرزەكانیان بسڕنەوە لەبەرامبەر ئەوەی عێراق رێككەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتانە ئیمزا بكات.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێك وڵات هەن كە دەستیان لە قەرزەكانی خۆیان لای عێراق بەرێژەی 100% هەڵگرتووە، بەشێكی تر لەرێژەی 90%ی قەرزەكانیان خۆش بوون، لەم قەرزانە ئێستا تەنیا (3 ملیار) دۆلار ماوەتەوە‌و ئەم قەرزەش گەڕێندراوەتەوە‌و لەسەروبەندی تەواوبوندایە.

وتیشی، كێشەكە لەوەدایە نزیكەی (2 ملیار) دۆلار قەرزی كەرتی تایبەت هەیە كە دەبێت لەچەند ساڵی داهاتوودا پاكتاو بكرێن.

ئەوەشی خستەڕوو، هەندێك قەرزی دەرەكی تر هەن كە بەهۆی شەڕی داعشەوە كەڵەكەبوون ‌و قەبارەیان دەگاتە (12 ملیار) دۆلار، هەروەک هەندێك قەرزی تر هەن كە قەرزی پرۆژەكانی ئاوەدانكردنەوەن.

راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری دارایی راشیگەیاند، قەرزی ناوخۆیی عێراق زۆر گەورەیە‌و دەگاتە نزیكەی (50 ملیار) دۆلار، بەڵام ئەوەی ئەم قەرزە جیادەكاتەوە ئەوەیە ئەمە قەرزە لەسەر حکومەت.