کەرکوک.. بیرە نەوتێک تەقێنرایەوە
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان بە تۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە بیرەنەوتێکی کێڵگەی بای حەسەن تەقێنراوەتەوە و دواتر ئاگرەکەی کۆنتڕۆڵکراوە.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان بە تۆڕی هەواڵی ژیانی وت، کە تەقینەوەکە لەرێگای بۆمبی چێنراوەوە بووە و بیری ژمارە ١٠٥ی بای حەسەن تەقێندراوەتەوە.
وتیشی، ئەنجامدەرانی ئەو کارە نەناسراون و جارێ دیار نییە کە کێ ئەو کارەی ئەنجامداوە.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکرد، بیرەکە غازی کەمبووە، بۆیە ئاگرەکەی زۆر نەبووە و توانراوە کۆنتڕۆڵ بکرێت.
راشیگەیاند، لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە و بەدوای ئەنجامدەرانی کارەکەدا دەگەڕێن.
کێڵگەکە لە ١٩٦ بیرە نەوت پێکدێت و پاراستنی ئاسایشیان بەگرێبەست بە دانیشتووانی گوندەکە سپێردراوە، گوندەکە ناوی بای حەسەنە و کێڵگەکەش هەر بەناوی گوندەکەوەیە.
|