شیعریەتی بەڕواڵەتمردوو / بەڕوواڵەتزیندوو

17/04/2021
فۆتۆ: 

بەکر عەلی

زیندەوەرەکان دەشێت زیندوو بن، بەڵام دەشێت لەسەر سنووری مردن و ژیانیشدا بن، واتە لەسەرەمەرگدا بن. دۆخی سەرەمەرگ دۆخی دۆزینەوەی نهێنییەکەیە. دۆخێکە زۆر بەکزی ژیانی هەڵگرتووە، لەهەمانکاتدا دۆخێکە زۆر لە نزیکەوە دەست لە مەرگ دەدات.

ئەوانەی لەم دۆخەدا دەبن، شاعیرانن، کە جۆرێک لە ترس و لەرز، لە نیگەرانی و لە هەناسەسواری ئەزموون دەکەن. پەیامبەرانیش وەک فیگورێکی ئەدەبی دۆخی بەڕوالەتمردووییان ئەزموون کردووە، موسا لەسەر کێوی سینا، محەمەد لە ئەشکەوتی حەرا، بودا لە کاتی خەڵوەتەکەیدا، لەفیلۆسۆفان، کییەکیگورد زۆر ترس و لەرز و نیگەرانییەکی شاعیرانەی ئەزموون کرد، نیتچە گەورەترین ئەزموونکەری ژیانە، ئەو هونەرمەند، شاعیر، موزیککاری ژیان بوو.

لە نێوکایەی ئەدەبیاتی کوردیدا، مەحوی ئەو دۆخە پۆیزییەی ڕوالەتمردنی ئەزموون کرد. ئەجەل دەورم دەدا وادەی دەور و تەسلیمە/منی غەفڵەتزەدە تازە خەریکی مەسەلەی دەرم.

 ئەمە دۆخی مەرگی ڕواڵەت و ژیانی ڕواڵەتە. کەمێک ژیان و کەمێک مردن تێیدا باڵادەستن. (Vita minima ) کەمەژیان، ئەو دۆخەیە کە مرۆڤێک لە هۆش خۆی چووە، وەک بڵێیت لە ئاویلکەدایە، نەزیندووە و نەمردوو، بەڵام کە دێتەوە هۆش خۆی ژیان هەڵدەبژێرێت.

موسا کاتێک کە خودای بینی نەچوو بۆ لای خودا، بەڵکو گەڕایەوە بۆناو  خەڵکەکەی، بۆ ناو ژیان، محەمەد کاتێک جوبرەئیلی نێردراوی لای خودا دەبینێت، ئەمیش داوای نەکرد بچێت بۆ لای خودا، بەڵکو گەڕایەوە بۆ ماڵەوە، بۆ ناو ژیان، بودا کاتێک پەی بە نهێنییەکە برد، ئیتر لای باوانی نەمایەوە و چووە ناو خەڵک، چووەدەرەوە بۆ ناو ژیان.

هەموو ئەزموونە ڕۆحییەکان ژیان هەڵدەبژێرن، تەنانەت گەر ژیانیش بکەن، بە قۆناغێک بۆ خزمەتکردن بەو دونیا.  بۆیە ئایینیش جۆرێکە لەو تەکنیکانەی مرۆڤ بۆ چاککردنی ژیان، بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤ لەباری نائاسایی، دایهێناوە.

 ئایین بۆ ئەو قۆناغە سەرەتاییەی مرۆڤ مەشقێک بووە بۆ خۆپاراستن. ئایین نەفەسێکی ئەدەبییە، شیعریەتێکی میتافیزیکییە بۆ ئارامکردنەوە و هێورکردنەوەی ترس و لەرزەکانی مرۆڤی دێرین.