"سەرچاوەی دابەشکردنی ماددەهۆشبەرەکانمان لە هەولێر دەستگیرکرا"

17/04/2021
فۆتۆ: 

بەرێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە گروپێکى ماددەى هۆشبەریان لە شارى هەولێر دەستگیرکردوە کە زیاتر لە دوو کیلۆهێرۆین و بڕێکى دیکە لە کریستاڵ و حەشیش و تلیاك و جامایکان پێبووە.

لە حاجى ئۆمەرانیش تۆمەتبارێک دەستگیرکراوە کە بڕى سێ کیلۆ ماددەی هۆشبەر لەجۆری تلیاكى پێبووە.

دەقى ڕاگەیەندراوى بەرێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان:

دوای بەدواداچوونێکی ووردی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان بۆ گروپێکی بازرگانی ماددەهۆشبەرەکان لەشاری هەولێر شەوی ( ۱٦ / ٤ / ۲٠۲۱ ) لە هەڵمەتێکی چەند کاتژمێریدا توانرا گروپێکی ( ۹ ) کەسی دەستگیربکرێت کە بازرگانی ماددەهۆشبەرەکانن بەناوەکانی ( ه ـ ر ـ أ ) و ( ر ـ خ ـ و ) و ( ز ـ ق ـ ج ) و ( ه ـ خ ـ ش ) و ( ك ـ إ ـ ح )  و ( س ـ ح ـ خ ) و ( غ ـ ع ـ خ ) و ( ع ـ أ ـ ش ) و ( د ـ ع ـ م ) لەکاتی دەستگیرکردنیان توانرا دەستبگیرێت بەسەر ئەم بڕە مادەهۆشبەرەکان ( بڕی ۲،٥٦۹ دوو کیلۆ و پێنج سەد و شەست و نۆ گرام هێرۆین ــ بڕی ۱،۳۷٥ یەك کیلۆ و سێ سەد و حەفتا و پێنج گرام کریستاڵ ــ بڕی ۹۸٤ نۆسەد و هەشتاو چوار گرام حەشیش ــ بڕی ٦۸٠ شەش سەد و هەشتا گرام تلیاك ــ بڕی ٥۸٠ پێنج سەد و هەشتا گرام جامایکا ) شایەنی باسکردنە ئەم گرووپە سەرچاوەی دابەشکردنی ماددەهۆشبەرەکان بوون لەشاری هەولێر و ڕۆڵەیەکی زۆری هەرێمەکەمانیان ئالوودەی ماددەهۆشبەرکان کردووە

وە لەچالاکیەکی دیکەدە ئەمڕۆ ڕێکەوتی ( ۱۷ / ٤ / ۲٠۲۱)هێزەکانمان بەهاوکاری بنکەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی حاجی ئۆمەران سەر بەبەڕێوەبەرایەتیەکەمان توانیان لە نزیك بەستۆرە تۆمەتبارێك بەناوی ( ب ــ ح ــ أ ) دەستگیربکەن کە بڕی ( ۳ سێ کیلۆ ) ماددەی هۆشبەر لەجۆری تلیاك پێگیرا.

تۆمەتبارەکان بەپێی یاسای (۲٥ ) ی ماددەهۆشبەرەکان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوەو و ڕەوانەی بەردام دادوەری لێکۆڵینەوە کراون.