دوای ڕۆژوو شکاندن جەستە چەند ئاوی پێویستە؟

17/04/2021
فۆتۆ: 

بەشێک لە خەڵک تووشی دڵەراوکی دەبن بەهۆی خۆی بەدوورگرتن لە خواردنەوەی ئاو لە ماوەی بەڕۆژبووندا، بۆیە زۆرجار پرسیاری ئەوە دەکرێت، جەستە چەندی ئاو پێویستە دوای بەربانگکردنەوە تا پارشێو.

پسپۆرانی بواری خۆراک ئاماژە بەوە دەکەن، دۆخەکە هیچ پێویستی بە دوودڵی و نیگەرانی نییە، چونکە دەکرێت لە نێوان بەربانگ و پارشێودا قەرەبووی ئەوە بکرێتەوە.

ئیمان فیکری یەکێک لە پسپۆڕانی بواری خۆراک بە سکای نیوزی عەرەبی ڕاگەیاندووە، جەستەی مرۆڤ لە ماوەی ڕۆژوو شکاندن تا پارشێو پێویستی بە ١٠ بۆ ١٢ کوپ ئاو هەیە، ئەوەش ئەو بڕەیە کە جەستە لە ماوەی بەڕۆژووبووندا پێویستییەتی.

ئە پسۆڕەی خۆراک ئامۆژگاریمان دەکا، لە کاتی بەربانگ کردنەوەدا، کوپێک ئاو دوو قەترە لە نەعنا و کەمێک ئاوی لیمۆی بۆ زیاد بکرێت، چونکە کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت لەسەر هاوسەنگکردنەوەی ترشەلۆکی گەدە لە دوای ڕۆژوو شکاندن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو تێکەڵەیە کاریگەریی هەیە لەسەر سوتاندنی چەوری و بەهێزکردنی بەرگری جەستە.

ئەو پسپۆڕەی خۆراک جەختیکردووە، خراپترین شت بۆ جەستە لە دەستدانی هەستی تێنوویەتییە، ئەوەش هۆکار دەبێت بۆ ئەوەی بری پێویستی ئاو بۆ جەستە دەستبەر نەبێت، ئەوەش دەبێتە هۆی زیادبوونی کێش و چەندین کێشەی تەندروستی دیکە.

پسپۆڕانی خۆراک ئامۆژگاری دەکەن بە خواردنی خەیار بە وردکراوی لە کاتژمێرەکانی ڕۆژووشکاندن و شەودا، چونکە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی بەرگری جەستە و ڕێگریکردن لە وشکبوونەوە، بە تایبەت لە دۆخی ئێستای ڤایرۆی کۆرۆنادا، ئاوخواردنەوە کاریگەرییەکی بەرچاو دەبێت لە ڕزگار بوون لەو ژەهرانەی کە لە جەستەدا هەن، جگە لەوەش کاریگەریی دەبێت لەسەر تەڕکردنەوەی گەروو و جەستە بەشێوەیەکی گشتی.