سلێمانى.. زیاتر لە 20 منداڵ بە کۆرۆنا گیانلەدەست دەدەن

17/04/2021
فۆتۆ: 

منداڵێکی تەمەن نۆ مانگ دوای زیاتر لە دووهەفتە لە تووشبوون بە کۆرۆناى گۆڕاو لە نەخۆشخانەى دکتۆر جەمالی منداڵان گیانی لەدەستدا، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەکەش دەڵیت، تائێستا 20 بۆ 25 منداڵ لە نەخۆشخانەکەیان بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

د. پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەی دکتۆر جەمالی منداڵان بە تۆڕى هەواڵى ژیانى ڕاگەیاند، ​ماوەى زیاتر لە دوو هەفتەیە ئەو منداڵە هاتوەتە نەخۆشخانەکەى ئێمە و دیارە پێشتریش توشى کۆرۆنا بوە و لەگەل چەند منداڵێکى دیکە ئەمڕۆ گیانى لەدەستدا.

وتیشى، پێدەچێت لە ناو خێزانەکەیدا توشبو هەبوبێت و گوازرابێتەوە بۆ ئەم منداڵە و کۆرۆنا گۆڕاوەکەش زیاتر توشى منداڵان دەبێت بەڵام مەترسى مردنیان کەمترە.

دەشڵیت: ڤایرۆسەکە بەتوندى کاریگەرى لەسەر کۆئەندامى هەناسە هەیە و هەندێک جاریش لە منداڵاندا بە جۆرى جیاواز کاریگەریەکە خۆى دەنوێنیت.

ئاماژەى بەوەشکرد، تائێستا 20 بۆ 25 منداڵ لە نەخۆشخانەکەمان بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و هۆشداریش بە دایک و باوکان دەدات لە کاتى بونى هەرنیشانەیەک لە منداڵەکانیان سەردانى نزیکترین بنکەى تەندروستى بکەن.