راپەڕین.. بەتۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و ساختەکردنی دراو پێنج تۆمەتبار دەستگیرکران
بەتۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و ساختەکردنی دراو، ئاسایشی راپەڕین پێنج تۆمەتباری دەستگیرکرد.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لە درێژەی كاروچالاكیە بەردەوامەكانی هێزەكانمان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین، بۆ ڕێگری لەبەكارهێنان و بازرگانی و بڵاوبونەوەی ماددەی هۆشبەر و دەستگرتن بەسەر دراوی ساختەدا، دوای وەرگرتنی زانیاری دروست هێزەكانمان توانیان لەدوو چالاكی جیاوازدا ( 5 ) پێنج تۆمەتبار دەستگیر بكەن" .
روونیشیکردووەتەوە، بەشی ماددە هۆشبەرەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین دوای بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیاری دروست بە هاوكاری یاریدەدەرێتی ئاسایشی ڕانیە، توانیویانە ( 3 ) سێ كەس لە كاتی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەردا دەستگیر بكەن و لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی ڕانیە بە ( ماددەی (30 ) لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵیەكان ) پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە .
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە چالاكیەكی دیكەدا لە بازگەی دەربەند-سەرسیان ( 2 ) دوو تۆمەتبار دەستگیر كراون كە بڕی (1250000) یەك ملییۆن و دووسەد و پەنجا هەزاری عێراقی لە جۆری(25) بیست و پێنج هەزاری ساختەیان پێ بووە، دوای ئاگاداركردنەوەی دادوەر و بە پێی مادەی( 281) لە ( یاسای سزادانی عێراقی ) ڕاگیراون و پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە و لەسەر بڕیاری بەڕێز دادوەر دۆسیەكەیان رەوانە دادگای لێكۆڵینەوەی دوكان کراوە.
|