لە یەک هەفتەدا زیاتر لە 21 تۆن ماددەی هۆشبەر لە ئێران دەستی بەسەرداگیراوە

18/04/2021
فۆتۆ: 

لەماوەی یەک هەفتەدا زیاتر لە 21 تۆن ماددەی هۆشبەر لە سەرانسەری ئێران دەستی بەسەرداگیراوە و نزیکەی هەشت هەزار کەسیش بەتۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون.

ئاژانسی هەواڵی ئیرنا لەزاری ناسر ئەسلانی جێگری بەڕێوەبەری دەزگای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی ئێران بڵاویکردووەتەوە، تەنها لە ماوەی هەفتەی رابردوودا ٢١ هەزار و ٨٥٧ کیلۆ ماددەی هۆشبەر لە سەرانسەری ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستی بەسەرداگیراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ڕێژەیە بەراورد بە ساڵی رابردوو لە هەمان کاتدا، ٤٨٪ زیادیکردووە، چونکە لە سێهەمین هەفتەی دەستپێکی ساڵی رابردوودا، تەنها ١٤ هەزار و ٧٥٨ کیلۆ ماددەی هۆشبەر لە ئێران دەستی بەسەرداگیراوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە هەر لە هەفتەی رابردوودا، حەوت هەزار و ٧٢٤ کەس بەتۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران دەستگیرکراون کە لەو ژمارەیە ٤ هەزار و ٥٩٦ کەسیان بە تۆمەتی قاچاخ و بڵاوکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان و ٣ هەزار و ٢٠ کەسیشان بەتۆمەتی ئاڵودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون، لە ناویشیاندا ١٠٨ کەس بیانین و خەڵکی وڵاتانی دەرەوەی ئێرانن.

ئاشکراشیکردووە، زۆرترین ئەو ماددەی هۆشبەرەی کە دەستی بەسەرداگیراوە لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان بووە بە چوار هەزار و ٣٦٩ کیلۆگرام کە یەکسانە بە ٢٠٪ی هەموو ئەو مەوادەی کە دەستی بەسەرداگیراوە.

جێگری بەڕێوەبەری دەزگای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی ئێران راشیگەیاندووە، هەر لە ماوەی هەفتەی رابردوودا ٤٠٩ ئۆتۆمبێل و ١٣ چەکی جۆراوجور کە لەلایەن تۆمەتباران و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان بەکارهاتوون، دەستیان بەسەرداگیراوە.