پۆلیسی چەمچەماڵ ئەو تۆمەتبارەی دەستگیركرد كە مامی خۆی كوشتبوو

18/04/2021
فۆتۆ: 

هێزەكانی بەشی پۆلیسی چەمچەماڵ – بنكەی پۆلیسی قەرەناو ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیركرد كە شەوی رابردو لەسنوری قەزای چەمچەماڵ مامی خۆی كوشت .

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پاش ئەوەی شەوی ڕابردوو لەسنوری قەزای چەمچەماڵ گەنجێك بەناوی (د، و، أ) لەدایكبوی 1994 بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە مامی خۆی كوشت،  دواتر تۆمەتبار بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتبوو.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕاستەوخۆ دوای ڕوداوەكە، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بەشی پۆلیسی چەمچەماڵی ڕاسپارد كە دەستبەجێ لێكۆڵینەوەكان بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار ئەنجامبدەن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە دواترو لەماوەی كەمتر لە 24 كاتژمێردا توانراوە تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی قەرەناوی سەر بەبەشی پۆلیسی چەمچەماڵەوە دەستگیر بكرێت و دەستیشبگیرێت بەسەر ئەو چەكەی كە تۆمەتبار لەكاتی ئەنجامدانی تاوانەكەیدا بەكاریهێناوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی راشیگەیاندووە، عەمیدی مافپەروەر ئاسۆ شێخ تەها بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی  سوپاس ‌و دەستخۆشی ئاڕاستەی ئەفسەر و كارمەندانی بنكەی پۆلیسی قەرەناو كردووە، لەبەرامبەر ئەو چالاكییەدا.