یاسای بودجەی عێراق چووە بواری جێبەجێکردنەوە

18/04/2021
فۆتۆ: 

یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

وەزارەتی دادی عێراق ژمارەیەکی نوێی رۆژنامەی وەقایعی عێراقی دەرکرد بە ژمارە (4625) کە یاسای بودجەی گشتی فیدڕاڵی عێراق لەخۆدەگرێت و سەرۆک کۆماریش پەسەندی کردووە.

لەوبارەیەشەوە هەیفا شاکر مەحمود سەرنوسەری رۆژنامەی وەقایعی عێراق بە تۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، ئەو یاسایە بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢١ عێراقە، پاش ئەوەی لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە راستاندنی بۆکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بە بڵاوکردنەوەی یاساکە لە ڕۆژنامەی فەرمی وەقایعدا و دەرکردنی ڕێنماییەکانی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە، بودجـەی ۲۰۲۱ی عێراق چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

دوای سێ مانگ گفتۆگۆ و دانوستان، شەوی 31ی ٣ی٢٠٢١، پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسندکرا و دواتر و ٨ی ئەم مانگە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق راستاندنی بۆ یاساکە کرد.

لە کاتی ڕاستاندنی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢١ سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند، ئەم ڕاستاندنە بۆ دڵنیاییدانە لە دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕۆڵەکانی گەل و دابینکردنی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و بودجە پێویستەکانی بەکاربردنی حکومەت، بەشێوەیەک کە دادپەوەریی کۆمەڵایەتی بۆ سەرجەم ناوچەکانی عێراق و هەموو پێکهاتەکان و توێژەکانی بەدی بهێنێت.