ئێران: لە کاتی گونجاودا وەڵامی هێرشەکەی سەر دامەزراوەی نەتەنز دەدەینەوە

18/04/2021
فۆتۆ: 

محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، لە کات و ساتی گونجاودا وەڵامی هێرشە "تیرۆریستیەکەی) سەر دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز دەدەنەوە.

لە میانی کۆبوونەوەی پەرلەماندا قالیباف ڕایگەیاند، زانا ئێرانییەکان جارێکی تر شانازییەکی دیکەیان بۆ وڵاتەکەیان تۆمار کرد، بەوەی توانیان ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بەرز بکەنەوە بۆ لە ٦٠%، ئەوەشی بە ڕوداوێکی مێژووی لە بواری زانست و تەکنەلۆژیان لەقەلەمدا و پێشهاتی سیاسی گرنگیشی دەبێت.

لە وتەکانیدا سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، دوژمنانی گەلی ئێران تێوەگلاون لە چالاکی تیرۆریستی لە دژی پیشەسازییە ئەتۆمییەکانی ئێران، لەو ڕێگەیەوە دەیانویست شکست بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی تاران بهێنن.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا قالیباق جەختیکردووە، پیتاندنی یۆرانیۆم بەڕێژەی لە ٦٠%، دەستکەوتێکی گرنگی پیشەسازی ئەتۆمی ئێرانە و لە ئێستادا بووە پێشەسازییەکی ناوخۆیی، بۆیە هەر هەوڵێکی حساب بۆ نەکراو یان فشار بۆ لەقکردنی ئەو ئیرادە نیشتیمانییە لە پێشکەوتنی زانستی لە ئێراندا شکست دەهێنێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا ئاستی پاراستنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی لە لایەن لایەنە پەیوەندارەکانەوە بەرزتر کراوەتەوە، وەڵامدانەویە هێرشەکەش بۆ سەر دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز حەتمییە و لە کات و شوێنی گونجاوی خۆیدا جێبەجێ دەکرێت.

ئەو وتانەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کاتێکدایە، ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە ئێران ناسنامەی هێرشبەرەکەی سەر بنکەی ئەتۆمی نەتەنزی ئاشکراکرد و دەڵێت: هەڵاتووە بۆ دەرەوەی وڵات و هەوڵەکان بۆ دەستگیرکردنی دەستیپێکردووە.

تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئیتلاعاتی ئێران توانیویانە ناسنامەی ئەو کەسە بدۆزنەوە، کە هەفتەی رابردوو لە بنکەی ئەتۆمی نەتەنز، سەرەکیترین بنکەی ئەتۆمی ئێران، تەقینەوەی ئەنجامداوە.

دوێنێش عەلی خامنەئی رابەری باڵای ئێران، داوای لە سوپای وڵاتەکەی کرد، ئاسای ئامادەیاش خۆی بگەیەنێتە ئاستی پێویست و ڕۆڵی کاریگەریی خۆی بگێڕێت لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیدا.