دادگای تەمیز بڕیاری لەسێدارەدانی بکوژی سێوان قادر و منداڵەکانی پەسەندکرد

19/04/2021
فۆتۆ: 

دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسێدارەدانی هاوژینی سێوان قادری پەسەندکرد، کە تاوانبارە بە کوشتنی هاوژین و سێ منداڵەکەی، بڕیارەکە چاوەڕێی واژۆی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە بۆ جێبەجێکردن .

کۆساڵان حەمە موراد پارێزەری کەیسی سێوان و منداڵەکانی بە تۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، ئەمڕۆ لە دادگای تاوانەکانی سلێمانییەوە ئاگادارکراونەتەوە کە دادگای تەمیز بڕیاری لەسێدارەدانی هاوژینی سێوانی پەسەندکردووە کە تاوانبارە بە کوشتنی سێوان و سێ منداڵەکەی .

کۆساڵان حەمە موراد دەشڵێ، دادگای تەمیز کە لە 15 دادوەر پێکهاتوون بڕیارەکەی داگای تاوانەکانی سلێمانییان پەسەند کردووە و ناردوویەتییەوە بۆ سلێمانی .

هاوکات پەڕاوەکانی تایبەت بە کەیسەکە رەوانەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کراوە بۆ واژۆکردنی، لەئەگەری واژۆکردنی بڕیارەکە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمەوە، بڕیاری لەسێدارەدانەکە جێبەجێدەکرێت .

پارێزەری کەیسی سێوان قادر دەشڵێ، هیچ رێگرییەک نییە لە جێبەجێکردنی بڕیاری لەسێدارەدانەکە، ئەگەر سەرۆکی هەرێم واژۆی بڕیارەکە نەکات دەبێ بۆ هەتاهەتایە حکومەت تاوانبارەکە بەخێو بکات .

ڕۆژی 16ی كانونی یەكەمی 2018، لە قەزای چەمچەماڵ بەهۆی ئاگركەوتنەوە سێوان و سێ منداڵی سوتان و گیانیان لەدەستدا، لە دادگای تاوانەكانی سلێمانی، رۆژی 17ی تشرینی دووەمی 2019، یەكەم دانیشتنی دادگایی هاوسەری سێوان قادر بەڕێوەچوو.

پێشتر ئافرەتێكیش بە تاوانی تێوەگلان لە كوشتنی ئەو ژنە و منداڵەكانی دەستگیر كرابوو بەڵام لە رۆژی 22ی نیسانی 2019، دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی بڕیاری ئازادكردنی بۆ دەركرد، لەبەر ئەوەی دیار(هاوسەری سێوان) لەبەردەم دادگا وتویەتی هیچ پەیوەندیەكی سۆزداری بەو كەسەوە نیە بەڵكو وەك خوشكی خۆی سەیری كردووە و پەیوەندیشی لەگەڵ سێوان خۆش بووە .