میشێل کیلۆ کەسایەتی دیاری ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد

19/04/2021
فۆتۆ: 

ڕادیۆی مۆنت کارلۆی فەڕەنسا بڵاویکردەوە، میشێل کیلۆ نوسەر و کەسایەتی ئۆپۆزسیۆنی دیاری سوریا بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد.

میشیڵ کیلۆ ماوەی دوو هەفتەیە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گوێزراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری پاریسی پایتەختی  فەڕەنسا، کە  ماوەی چەند ساڵێکیشە لەو شارە نیشەجێیە.

میشێل کیلۆ بە یەکێک لە دیارترین کەسایەتییە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا دادەنرێت، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە میدیا جیهانییەکانەوە بە سەدان چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کراوە سەبارەت بە تاوتوێکردنی دۆخی ناوخۆیی سوریا.

میشێل کیلۆ لە ساڵی ١٩٤٠ لە شاری لازقیەی سوریا لە دایک بووە و ئەندامێکی دیاری هاوپەیمانی نیشتیمانی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦ سوریای بەرەو پاریسی پایتەختی فەڕەنسا جیهێشت.