هەلێک بۆ هەڵسەنگاندن

19/04/2021
فۆتۆ: 

ئەنوەر ئەڵمان

گەر بە وردبینی و ڕاشکاوییەوە سەرنج بدەین، هەستدەکەین کە هۆزانڤان (شاعیر(، کار لەسەر گەڵاڵەکردنی هزر و یاریکردن و ڕێکخستنی وشەکان دەکات. ئەوجا، هەتا ڕۆشنبیرییەکەی بەرفراوانتر بێت، کاریگەریی دەقەکەیشی زۆرتر و لە یادەوەریدا نەمرتر دەبێت، پێچەوانەکەیشی هەر ڕاستە کە نەرێنی دەبێت! بێشک هۆزانڤان پێویستە شارەزاییەکی لە یاسا و ڕێساکانی هۆنینەوە و ئەوجا ڕێزمان و ڕێنووسدا هەبێت، پەیامێک و خواستێک و حەزێکی دنەدەر و هاندەری بێت. دەنا دەقەکەی غەوشدار دەبێت و خوێندنەوەیشی بێزارکەر و پەیامەکەی ناگاتە شوێنی مەبەستی خوازراو!

 جیاوازی نێوان هۆنینەوەی ملوانکە بە وشە ڕەنگاڵەییەکان (کە ئەوەیش گرنگی خۆی هەیە لە وێژەدا و نموونەی باشمان هێجگار هەن) و بناغەدانان و دروستکردنی هەیکەل و بونیادی دەقێکی وێژەیی، هێجگار زۆرە!

 ئەزموونی ژیان بۆمانی سەلماندووە کە نووسەر، پێویستە ئاستێکی بەرز و بەرفراوانی لە لایەنە زانستی و زانیارییە جۆربەجۆرەکاندا هەبێت. هزر دەوڵەمەند بێت، ئەگەر بخوازێت خۆی و دەقەکانی  نەمر بمێننەوە. ئەرکی نووسەر جیاواز و گرانترە لە هۆزانڤان (ئەمەیش بە مانای بە کەمگرتنی  ئەرک و پەیامەکانی هۆزانڤان نییە، بەڵکوم جیابینین و جیاکردنەوەی  ژانر و ژێنرەکانە لە یەکتری، هەتا تەڤلەهەڤ چێنەبێت)!.

نووسەر مامەڵە لەتەک دەقدا دەکات. سا ئەگەر بیستراو، یان نووسراو، گەلەری و کولتووری، میتۆلۆگی و یانیش فانتازیا خۆی بن. دەقەکانی ڕابردوو و هەنووکە و شایەد داهاتوویش. نووسەر هەندێکجار لە جێگەی پەیامبەردایە. بەرپرسیارێتی  پەیڤ و ڕووداوەکان دەگرێتە ئەستۆ.  (هەمان بەرپرسیارێتییە لە وەرگێڕانی دەقێکدا بۆ وەرگێڕ کە خۆی و وەرگێڕانەکە خەوشدار نەکات و نەبێتە هۆکاری بێزاربوونی خوێنەر لە خوێندنەوە)!

 نووسەری تەڕ دەست و تەیار و کارامە و بەهرەمەند، خوێنەران لێوەی فیر دەبن و ئەزموون وەردەگرن.  نووسەری  بەهرەدار وەک ڕووناکییە کە خوێنەری (پەپوولە ئاسایی و بە حەزی فێربوونەوە) بەرەو خۆی بەکێش دەکات !

جار هەیە لە خۆیدا، لە دەقەکەیدا دەیتاسێنێت! هەر بۆیە، هەندێک نووسین بۆ ماوەیەکی هێجگار زۆر لە یادەوەریدا دەمێننەوە و تەنانەت خوێنەر جارێک و چەند جاریش دیکەش دەگەڕێتەوە سەریان.. بۆ؟ چونکە لە هەموو خەسڵەتەکانەوە کاریگەریان بەجێهێشتووە و نەمرە.

نووسەر لە خاک و خۆڵ و بەرد و داری پەرشوبڵاو  باڵەخانەی بڵندی داهێنان بۆ ئێمە چێ دەکات. نووسەر دیوار هەڵچنە بە وشە،  قوڕی خشتەکان دەشێلێت و بە سەلیقە و بەرپرسیارێتییەوە، چین  لە دوای چین دیواری دەقەکەی پێهەڵدەچنێت. لە ژێرخانەوە تا سەرخان و دەرگا و پەنجەرە...هتد. خشتی نووسەر وشەکانن. ئەگەر نووسەر پێشخانی ڕۆشنبیری لە زۆربەی لایەنەکاندا نەبێت، ناتوانێت ئەپارتمانێکی دەقی خۆڕاگر و نەمر بە ژێرخان و سەرخانەوە  دروست بکات.  ئەم خەسڵەتانە جیاوازی هۆزانڤان لە تەک نووسەردا  وێنا دەکەن. (نەک بە کەمگرتن و کەم لێڕوانینی هۆنینەوە) ئەرکەکانیان زۆر جیاوازە.

دەنا  کەپر و کۆڵیت و دەوار و چادر و ئەشکەوتیش جێگەی ژیانن. مەگەر جیاوازی ئەوانە لە تەک بینایەکی تۆکمە و دامەزراو بە هەموو شتێکی تەیار و نەمر بۆ هەمیشە زیندوو نییە؟ نووسەری بە مانا نووسەری ڕەسەن، خاوەن هۆشیارییەکی بەرز و خۆ تەیارکەر و مافخوازە، بینای نووسینی خۆی لە بان بناغەی ساختمانی دەقی کەسێکی دی چێ ناکات. (نموونەی لەوجۆرەیش هەن)، بەڵکوم لە ژێرخانەوە تا سەرخان و بە هەموو کەرەستەکانەوە، هزر و بابەت و ڕەنجی خۆیین.

ئەوەیش بگوترێت: مەرج نییە خوێنەری هۆشیار و ڕۆشنبیر نووسەر یان هۆزانڤان بێت، بەڵام مەرجە کە نووسەری بە تایبەت دەقێکی وێژەیی، ئاست و هۆشیاریەکی زۆرلایەنەی بەرفراوانی هەبێت. ئەوەیش ڕاستیەکە، لە کۆمەڵگە پێشکەتووەکاندا، ڕێژەی نووسەران بە (هۆزنڤانیشیەوە) گەلێک کەمترە لە خوێنەرە هۆشیار و بەتواناکان. لەشکری خوینەران چاودێریکەری هۆزانڤان و نووسەرەکانن. مرۆڤ تا ئەو سنوورەی کە لەبەر خۆیەوە وڕێنە دەکات و دەبزڕکێنێت و یان شتێک بۆ ئارامی خۆی دەنووسێت، تەنیا لە هەمبەر خۆی و دەربڕینەکەیدا بەرپرسیارە، دوور لە ڕەخنە و خەوشگرتن و..هتد، بەڵام کە  دەقت ئاراستەی  کۆمەڵگە کرد، ڕەوشی بەرپرسیارێتی و حەزە تایبەتەکەت  دەگۆڕدرێت .

جارێکی دی خوێندنەوەی  چیرۆک و ڕۆمانەکانی هێژا "شێرزاد حەسەن" بووە هەوێنی ئەم چەند ڕستەیە لە هەمبەر نووسینەوە. بێشک بەندە وەک خوێنەر، بە پێوانەی نووسینەکانی "شێرزاد حەسەن" لە ئاستی نووسەرە ناودارەکانی جیهاندا دەبینم، نموونەی: "ئەنتۆن چێخەف"ی دونیای وێژەی کوردییە. سا ئەگەر لەویشی تێنەپەڕاندبێت!

هەربۆیە دەپرسم: ئایا تا نهاکە وەزارەتی پەروەردەی باشوور، ئاوڕی لە بە بەرنامەکردنی دەقە وێژەیی و کۆمەڵایەتییەکانی  کەسانێکی وەک هێژا "شێرزاد حەسەن" داوەتەوە؟ کە لە دووتوێی بەرنامەی خوێندنی خوێندنگە و ئەوجا  بە تایبەتی لە نێو پرۆگرامی خوێندنی کۆلیژی وێژە و ئەدەبیاتی زانکۆدا جێیگیر بکرێن؟ یانیش وەرگێڕانی بەرهەمەکانی ئەوجۆرە نووسەر و هۆزانڤانە کارامانە، بۆ سەر زمانە جیهانیەکان؟

وا ئەمڕۆکە و خۆشبەختانە وڵاتی "سویسرا"  بۆ یادی سەد ساڵەی "فرێدریش دۆرینمات"ی خۆیان کەرنەڤاڵێکی "سێ ساڵە" ساز دەکەن،  هاوکاتیش یادکردنەوەی هەفتا ساڵەی تەمەنی "شێرزاد حەسەن"یان تێهەڵکێش کردووە، کە ئەو لە ئاستی نووسەری ناوداری خۆیاندا "فریدریش دورینمات"دا دەبینن و دەزانن و بۆ یادکرنەوەیان چەندین چالاکی جۆراوجۆر کە لە بەرگی کەرنەڤاڵیکی فرەڕەهەندا خۆی دەنوێنێت دەکەن بە دیاری و خەڵاتی ئەو دوو نووسەرە*.

بێشک هێژا 'شێرزاد حەسەن' درامایەکی بایەخداری بە نێوی {فریشتەیەک لە بابل دادەبەزێت}ی "فریدریش دورینمات)ی لە ئینلگیزیەوە کردووە بە کوردی کە گرنگی خۆی هەیە، شانۆنامەیەکی کە جیهانگیرییە و تێما و پەیامەکانی بە کەڵکی هەموو سەردەمێک و نەتەوەیەکی سەر ئەم ئەستێرەیە دێت، بێجگە لە نووسینەکانی دیکەی، هاوکات چیرۆکی (لۆزان)ی "شێرۆی پلکە زارێ" هۆکارێکی دیکەی ئەو دوو ڕێکخراوەن کە گرنگیان بەم نووسەرە داوە!

خودی کەرنەڤاڵە سێ ساڵییەکە کە فرە رەهەند و دیوە لە میانەی  نەخشە و پلانی خۆیاندا مەبەستیانە پردێک لە نێوان "سویسرا" و "کوردستان" دروست بکەن کە خودی چالاکییەکانیش لەسەر ئاستی کولتووری و هەم سیاسی لە گەشتێکی بەردەوامدا دەبێت بە ناو ژمارەیەک لە شارەکانی باشوور و هەم رۆژئاوای کوردستان، کە بەڵینە چەندین نووسەر و هونەرمەندی کوردەیل بە هەموو ژانر و لقە جیاوازەکانەوە هان بدرێن و بخزێنە نێو ئەم پرۆژە سەنگینەوە.

(*) لە هەمبەر ئەو هەواڵەوە بڕوانە هەفتەنامەی ئێلکترۆنی (تاراوگە) ی ژمارە {١٣٦} لاپەڕە ١٥(١٥ و ١٦) کە لە وڵاتی هۆڵاند و شاری ئەمستەردام دەردەچێت.