وەزیری ناوخۆ: بکوژی ژنە گەنجەکەی هەولێر لەناو شاردا نەماوە

20/04/2021
فۆتۆ: 

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بکوژی ژنە گەنجەکەی هەولێر لەناو شاردا نەماوە و هەوڵەکان بۆ دەستگیرکردنی بەردەوامە.

رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو کەسەی چەند رۆژ پێش ئێستا ژنێکی گەنجی لەناو شاری هەولێر کوشت کە دەوترێت هاوسەرەکەیەتی، پاش ئەنجامدانى تاوانەکە، هەڵاتووە و لەناو شاردا نەماوە. 

وتیشی: "سەرۆک وەزیران فەرمانی کردووە بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران و ئێمەش لەگەڵ هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش لە هەماهەنگیداین، رامانسپاردون بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە بکەن".

وەزیرى ناوخۆی هەرێم، بەشێک لە کەناڵەکانى راگەیاندنى تۆمەتبارکرد بەوەى کە بوونەتە هۆکارى بەرزبوونەوەى حاڵەتەکانى کوشتن و خۆکوشتن بەتایبەت لەلاى ژنان، ئەوەش بەهۆى شێوازى مامەڵەیان لەگەڵ ئەو کەیسانە و چاوپێکەوتن لەگەڵ تاوانباران و چوونەناو وردەکارییەکانەوە.  

ئاشکراشیکرد، لەگەڵ داواکارى گشتى هەرێم قسەیان کردووە کە بەدواداچوونى جدى لەوبارەیەوە بکات و هەر کەناڵ و میدیایەک پێچەوانەى یاسا کار لەسەر کەیسەکان بکات، لێپێچینەوەى لەگەڵدا بکرێت.  

ئێوارەی رۆژی هەینی رابردوو، لە گەڕەکی باداوای هەولێر بە ١٣ گوللە کۆتایی بە ژیانی ژنێکی گەنج هێنرا بەناوی زارا کە تەمەنی  ٢١ ساڵ بوو، هاوسەرەکەی و دوو برای هاوسەرەکەی تۆمەتبارن بە کوشتنی زارا و تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراون.

دوابەدوای رووداوەکەش مەسرور بارزانی سەرۆکى حکومەتى هەرێمی کوردستان ئیدانەی ئەو تاوانەی کرد و وه‌زیری ناوخۆی ڕاسپارد بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ی تۆمه‌تبارى رووداوەکە به‌ سزای خۆی بگات.