حەسەن نازم: ئەنجومەنی وەزیران کازمی سەرپشک کرد بۆ تانەدان لەچەند بڕگەیەکی یاسای بودجە

20/04/2021
فۆتۆ: 

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی سەرپشک کرد بۆ تانەدان لە هەندیک بە مادە و برگەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی.

حەسەن نازم وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران کازمی سەرپشک کردووە و دەسەڵاتی پێداوە، بۆ تانەدان لە هەندیک لە مادەکانی پڕۆژە یاسای بودجە لەبەردەم دادگای فیدراڵی.

وتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک لە مادەکان بەشێوەیەک گۆرانکارییان تێدا کراوەن لە بەرژەوەندی ڕێشوێنەکانی حکومەت نییە.

لە لایەنی دیکە هەر ئەمڕۆ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بڕگەی تایبەت بە لێبڕینی موچەی فەرمانبەرانی لە پرۆژە یاسای بودجەدا ڕاگرت.

ئەو ڕاسپاردەیەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، چەند هەڵەیەک هەیە لە خشتەی بودجە و لەگەڵ سەرۆکایەتی کۆمار قسە دەکرێت بە مەبەستی ڕاستکردنەوەیان .

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دارایی بڵاویکردەوە، دەستکراوە بە ڕێوشوێنی وردبینیکردن لە باسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢١، دوای ئەوەی سەرۆکایەتی کۆمار ڕاستاندنی بۆ کرد ,

وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەکردووە، بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتانەی پێیان دراوە ، دوای پێداچوونەوە تێبینیان کردووە چەند هەڵەیەک هەیە لە ناو خشتەی دەقەکاندا، بۆ پەیوەندیی کراوە بە دیوانی سەرۆکایەتی کۆمارەوە، بە مەبەستی دەرکردنی بەیاننامەیەکی ڕاستکردنەوە، بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتانەی کە پێیان دراوە، هەر وەک لە مادەی ٨ی یاسای بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی فەرمی ژمارە ٧٨ی ساڵی ١٩٧٧ ئاماژەی پێکراوە.