ئەنجومەنی وەزیران ناوەرۆکی کۆبوونەوەی سبەينێی خۆی ئاشکرا کرد
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ناوەرۆکی کۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیرانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، یەکێک لە تەوەرەکان تایبەت دەبێت بە تاوتویکردنی ھێڵە گشتییەکانی ڕەشنووسی یەکەمی پڕۆژە یاسای بودجەی ھەرێمی کوردستان.
لە ڕاگەیەندراوێکدا فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سبەینی چوار شەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر چەند تەوەرێکی گرنگ کۆدەبێتەوە .
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، گرنگترین ئەو تەوەرانەی کە باسیان لێوە دەکرێت، خستنەڕووی دواپێشھاتەکانی بواری ئەمنی لە ھەرێمی کوردستان و ھێرشەکانی ئەم دواییەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و ڕەوشی لێکۆڵینەوە و ھەڵوێستی نێودەوڵەتی لەو بارەیەوە.
ھەروەھا خستنەڕووی ھێڵە گشتییەکانی ڕەشنووسی یەکەمی پڕۆژە یاسای بودجەی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١ لە بوارەکانی داهات، خەرجی، قەرز و پابەندییە داراییەکان و کورتهێنان .
|