عێراق مانگی دەستکردی تایبەت بەخۆی دادەمەزرێنێت

21/04/2021
فۆتۆ: 

وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق ئاشکرایکرد، ڕێککەوتن کراوە لەگەڵ حکومەتی میسر بە مەبەستی دروستکردنی مانگێکی دەستکردی تایبەت بە عێراق.

رەعد مەشهەدانی وتەبێژی وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق لە ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراقی ڕاگەیاندووە، حکومەتی میسر دەستپێشخەریەکی کردووە، بۆ بنیاتنانی مانگێکی دەستگردنی تایبەت بە عێراق، کارەکەش بە دەستپێشخەری هاوبەشی عێراق و میسر کراوە.

وتەبێژی وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێککەوتن کراوە لەگەل کۆمپانیای  (ئێرباس)ی فەڕەنسی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.

ڕوونیشیکردەوە، ئەو مانگە دەستکردە زۆر گرنگ و پڕ بایەخە بۆ عێراق، بە تایبەت لە ئێستادا ژمارەی کەماڵە تەلەفزیۆنەکانی عێراق گەیشتووەتە ١٥٠ کەناڵی ئاسمانی، ئەوە سەرەڕای بوونی چەندین ڕادیۆ و خزمەتگوزارییە تەکنەلۆژییە نوێیەکانی دیکە، کە خزمەت بە وەزارەتی پەیوەندییەکان دەکات.

مەشهەدانی ڕوونیشیکردەوە، بەر لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو، کۆماری میسر مانگی دەستکردی (تەیبە عەشرین عەشرین)ی ئاراستەی بۆشایی ئاسمان کرد، بۆیە دەتوانرێت سود لەو تاقیکردنەوەیەی میسر وەربگیرێت.