ئیسرائیل و ئەمریکا ناکۆکن لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی ئێران

21/04/2021
فۆتۆ: 

ماڵپەری "ئیکسیوس"ی ئەمریکی رایگەیاند، بەهۆی هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی گفتوگۆکانی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران و بەشداریکردنی واشتۆن تیایدا، ناکۆکییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل قوڵتر بووەتەوە.

ماڵپەڕەکە لە ڕاپۆرتێکدا ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە، بۆشایی و گومانی هاوبەش هەیە لە نێوان هەردوولا سەبارەت بە ئێران، ئەو ناکۆکیانەش لە کۆبوونەوە داخراوەکانی نێوان ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و حکومەتی ئیسرائیل بەرەو فراونتر چووە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرچەندە دوودڵی و نەبوونی متمانە و شەفافیەت هەیە لە خراپی هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوو، بەڵام هەردوو وڵات خواستی ئەوەیان هەیە ناکۆکییەکان ئاشکرا نەبن، هەروەک ئەوەی لە کاتی گفتوگۆکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران لە ساڵی ٢٠١٥دا ڕوویدا.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، دوو بەر لە ڕووداوی هێرشەکەی سەر وێستگەی ئەتۆمی نەتەنز، لێپرسراوانی باڵای هەردوو وڵات خولی دووەمی گفتوگۆ ستراتیژییەکانیان ئەنجامدا سەبارەت بە ئێران.

ماڵپەڕی "ئیکسیوس"ی ئەمریکی لە زاری دوو بەرپرسی ئیسراسیل کە بەشداری گفتوگۆکان بوون باسیان لەوە کردووە، مائیر بن شبات ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، لە کۆبوونەوەکەدا دوودڵی وڵاتەکەی نیشانداوە سەبارەت بەوەی ئیدارەی جۆ بایدن لە ئیدارەدانی دیپلۆماتیەتی وڵاتەکەی سەبارەت بە ئێرا، هەڵوێستی ئیسرائیل وەک پێویست لەبەرچاو ناگرێت.

لە بەرامبەرشدا بەگوتەی لێپرسراوە ئیسرائیلییەکان، ئەمریکییەکان دوودڵن لە تێوەگلان و بەشداری ئیسرائیل لە کردەوە سەربازی و هەواڵگرییەکان لە دژی ئێران، بێ ئەوەی هیچ هەماهەنگییەکان لەگەل واشنتۆندا بکرێت.

لەبەرامبەر ئەو هەڵوێست و گومانانەی ئەمریکا، لێپرسراوە ئیسرائیلییەکان جەختیانکردووەتەوە لەوەی مافی خۆیانە بەرگری لە وڵاتەکەیان بکەن لەبەرامبەر ئێران، جگە لەوەش لێپرسراوێکی ئیسرائیل ئاشکرایکردووە، تەلئەبیب بەر لە هێرشەکانی ئەم دواییە واشنتۆنی ئاگادار کردووەتەوە.

لە لایەکی ترەوە ماڵپەڕەکە لە زاری لێپرسراوێکی باڵای حکومەتی ئیسرائیلەوە بڵاویکردووەتەوە، ئیدارەی بایدن بەشێوەیەکی تەواو شەفافیەتی نیشان نەداوە بەرامبەر بە ئیسرائیل، دەربارەی ئەو پێشنیازانەی کە لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی ڤییەنا پێشکەشی کردووە، بە هەڵگرتنی سزا نا ئەتۆمییەکانیشەوە لەسەر ئێران.

لە بەرامبەر ئەو لێدوانانەی لێپرسراوانی حکومەتی ئیسرائیل، بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی بایدن بە ماڵپەڕەکەی ڕاگەیاندووە، ئەو هەواڵانە دوورن لە ڕاستییەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ناو بەناو گفتوگۆ و ڕاگۆرینەوەی هاوبەش دەکەن، لەسەر بنەمای گفتوگۆی کراوە و ڕاشکاوانە.

بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو شاندێکی باڵای ئەمنی ئیسرائیل بگەنە واشنتۆن، بە ئامانجی گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی ئێران.

ماڵپەڕەکە لە زاری ڕاوێژکارێکی باڵای بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە نووسیوویەتی، ئەو گفتوگۆیانە ئاستی بۆشایی نێوان هەردوو وڵات دەردەخات.