رۆیتەرز: بەرپرسانی ئێران و سعودیە جارێکی تر کۆدەبنەوە

22/04/2021
فۆتۆ: 

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، بڕیارە جارێکی تر بەرپرسانی ئێران و سعودیە کۆببنەوە.

رۆیتەرز لەزاری چەند سەرچاوەیەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاویکردەوە، بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوانیان، پێدەچیت  لە کۆتایی ئەم مانگەدا و بۆ جاری دووەم بەرپرسانی باڵای سعودیە و ئێران کۆببنەوە.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەکردووە، کە کاتی ئەو کۆبوونەوەیە دیارینەکراوە لەبەر ئەوەی پەیوەندی بە بەرەوپێشچوونی دانوستانەکانی ئێران و وڵاتانی 4+١ لە ڤیەننا هەیە.

سەرەتای ئەم هەفتەیە و بۆ یەکەمجار رۆژنامەی فاینانشڵ تایمز لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکرد کە ٩ی ئەم مانگە بەرپرسانی باڵای ئەمنیی ئێران و سعودیە لە بەغدا کۆبوونەتەوە بەڵام کۆبوونەوەکەیان بێ ئەنجام ماوەتەوە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردبوو کە سەردانەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئێران و سعودیە لە چەند هەفتەی رابردوودا بە مەبەستی نێوەندگیری و لێکنزیکردنەوەی تاران و رێاز بووە .

دواتر هەندێک لە میدیا عەرەبییەکان لەزاری چەند سەرچاوەیەکەوە هەواڵەکەیان ڕەتکردەوە، بەڵام ڕۆژی دووشەممە ١٩ی٤ی٢٠٢١، سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بەبێ ئەوەی هەواڵەکە پشتڕاست یاخود رەتبکاتەوە، رایگەیاند، ئێران پێشوازی لە دانوستان لەگەڵ سعودیە دەکات.

دوو ڕۆژ پێش ئێستاش، ئاژانسی هەواڵی فرانسپرێس لە زاری بەرپرسێکی عێراقی و دیپلۆماتکارێکی ئەوروپا بڵاویکردەوە کە سەرەتای ئەم مانگە، شاندێکی ئێران بە سەرۆکایەتی عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئەو وڵاتە لەگەڵ شاندێکی سعودیە بە سەرۆکایەتی خالد بن عەلی ئەلحەمیدان سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سعودیە، لە بەغدا کۆبوونەتەوە.