ئەنجومەنی ڕاوێژکاری تورکیا تاوتوێی جینۆسایدی ئەرمەنەکان دەکات

22/04/2021
فۆتۆ: 

ئەنجومەنی باڵای ڕاوێژکاری لەتورکیا بە سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبۆوە و تاوتوێی دۆسیەی دەستور و کۆمەڵکوژی دژی ئەرمەنەکانی کرد.

فەخرەدین ئاڵتون سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، کۆبوونەکە لە کۆشکی جانقایا لە ئەنکەرەی پایتەخت بەڕێوەچووە و، تیایدا جەختیکراوەتەوە لە بایەخدان بە تێڕوانییەکانی گەل و دانانی دەستورێکی مەدەنی و نوێ بۆ وڵات.

ئاڵتون ئاماژەی بەوەشکرد، بەشداربوانی کۆبوونەکە جەختیانکردووەتەوە لەوەی پێویستە دەستورێکی نوێی فراوان و گشتگیر بۆ وڵات ئامادە بکرێت، شایەنی بایەخی مێژووی تورکیا بێت.

لە کۆبوونەوەکەدا ئەردۆغان ڕایگەیاندووە، حکومەت خواستی هەیە لە یادی ١٠٠ ساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیادا، ببێتە خاوەنی دەستورێکی نوێی مەدەنی کە گەل پەسەندی بکات، نەک دەستوری کودەتا.

سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەت کار دەکات بۆ ئامادەکردنی دەستورێکی نوێ کە خواستەکانی گەلی تورکیا و پێداویستییەکانی لەخۆ بگرێت.

سەبارەت بە دۆسیە جینۆسایدکردنی ئەرمەنەکانیش سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لەو ڕاستیانە لە دژی ئەو کەسانەی بۆ هۆکاری سیاسی و بە درۆ باس لە جینۆسایدی ئەرمەنەکان دەکەن.

ئەو وتانەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە، حکومەتی ئەرمینیا و ئەرمەنییەکان لە سەرانسەری جیهاندا، داوا لە تورکیا دەکەن دان بنێت بە پرۆسەی کۆچپێکردن و جینۆسایدی ئەرمەنەکان لە ساڵی ٢٠١٥ و لە سەردەمی عوسمانییەکان و قەرەبووکردنەوەیان.

بە گوێرەی ڕێککەوتنی ساڵی ١٩٤٨، کە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ڕێگریکردن لە تاوانی جینۆسایدی بە کۆمەڵی ئەرمەنەکان و سزادان لەسەری، دەستەواژەی کوشتن ولەناوبردنی بە کۆمەڵ، بە واتای وێرانکردن و لەناوبردنی بەشێک یان نەتەوەیەک یان کۆمەڵێکی ئایینی بە تەواوی.

تورکیا هەمیشە جەختدەکاتەوە لەوەی نابێت دەستەواژەی جینۆسایدی رەگەزیی بەسەر ڕوداوەکانی ساڵ ی ١٩١٥ بچەسپێت، بەڵکو بە کاراست بۆ هەردوولا بناسرێت.

تورکیا پێشنیازی کردووە توێژینەوە بکرێت سەبارەت بە ڕوداوەکانی ساڵی ٢٠١٥ لە ئەرشیفی دەوڵەتانی دیکەدا، ئەوە سەرەڕای ئەرشیفی تورکیا و ئەرمەنیش، دواتر دروستکردنی لێژنەیەکی مێژوویی، کە لە مێژوونووسانی تورک و ئەرمەن و پسپۆڕانی هەردوو وڵات پێک بێن.

ئەو کۆبوونەوەیەی ئەنجومەنی باڵای ڕاوێژکاری تورکیا لە کاتێکدایە، میدیاکانی ئەمریکا بڵاویان کردەوە کە جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە دان بە تاوانی کۆمەڵکوژیی ئەرمنەیەکاندا بنێت کە تیایدا زیاتر لە ملیۆن و نیوێک مرۆڤ لەسەر دەستی ئیمبراتۆریەتی عوسمانیدا کۆمەڵکوژکراون و چاوەڕێش دەکرێت ئەو هەنگاوە گرژی و ئاڵۆزیی بخاتە نێوان هەردوو وڵات و ئەمەش یەکەمجارە کە ئەمریکا بەفەرمی دان بەو تاوانەدا بنێت و وەک تاوانی جەنگی و جینۆساید بیناسێنێـت سەرەڕای ئەوەی فەرەنسا و ڕوسیا پێشتر دانیان پێدا ناوە .

هەردوو رۆژنامەی "نیویورک تایمز" و"وول ستریت جورنال" بڵاویان کردووەتەوە کە بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو کە دەکاتە یادی ١٠٦ ساڵەی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان جۆبایدن وەک جینۆساید ئەو تاوانە پێناسە بکات کە لەساڵی ١٩١٥ و لە میانی جەنگی جیهانی دووەمدا عوسمانیەکان بەسەر کەمینە ئاینی و نەتەوەیی ئەرمەنەکانیاندا هێنا .

وەک ئەو دوو رۆژنامەیە باسیان کردووە بایدن بەم کارەی دەبێتە یەکەم سەرۆکی ئەمریکی کە بەفەرمی دان بە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکاندا بنێت و بەوەش تورکیا نیگەران و تووڕە دەکات و هەڵوێیستی تورکیاش لەبەرامبەر ئەو تاوانەدا ئەوەیە کە جەنگ بووە و لە کاتی جەنگەکەشدا هەردوولا پەلاماریان داوە و ئەوانیش لە تورکەکانیان کوشتووە .

پێشتریش زیاتر لە ١٠٠ ئەندامی کۆنگرێس لەسەروو هەموویانەوە –ئادەم شیف- سەرۆکی لیژنەی هەواڵگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەران و سەر بە دیموکراتەکان نامەیەکیان ئاڕاستەی جۆ بایدن کردووە کە ئەو بەڵینە بباتە سەر کە لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا بە دەنگدەران و لایەنگرانی حیزبەکەی داوە کە تاوانی جەنگی دژ بە ئەرمەنەکان بە جیبنۆساید بناسێنێت .

پێشتریش لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ دا کۆنگرێسی ئەمریکی بۆ یەکەمجار دانی بەو تاوانەدا ناوە و وەک کۆمەڵکوژیی ناویان بردووە، لەنامەکەی ئەندامانی کۆنگرێس دا هاتووە هەرچەندە زۆرینەی وڵاتانی جیهان ئەو تاوانەی سەدەی بیستەمیان وەک جینۆساید ناساندووە بەڵام بەداخەوە سەرۆکەکانی ئەمریکا بێدەنگییان لەبەرامبەردا هەڵبژاردووە .