پۆلیسی سلێمانی: بەتۆمەتی تەقەکردن لەکەسێک و بریندارکردنی تۆمەتبارێک دەستگیرکرا

22/04/2021
فۆتۆ: 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، هێزەکانیان بە تۆمەتی تەقەکردن لە کەسێک و برینداریکردنی، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد.

لە ڕاگەیەندراویکدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە،  مەفرەزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی - بنکەی پۆلیسی سەرچنار، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە بەفیشەک کەسێکی بریندار کردبوو .

ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستگیر کراوەکان چەند ڕۆژێک لەمەوبەر تەقەی لەکەسێک کردبوو برینداریکردبووو دواتر ھەڵات، دوای چاودێری و گەڕان و پشکنین، پاش وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر، توانرا تۆمەتبار (ر، پ، ز لەدایکبووی ١٩٩٤) دەستگیربکرێت و دەستیشبگیرێت بەسەر ئەو چەکەدا کە تۆمەتبار لەکاتی تاوانەکەیدا بەکاریھێناوە .

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا پۆلیسی سلێمانی روونیکردووەتەوە، لەئێستادا تۆمەتباری ناوبراو بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی ماددەی (٣١/٤٠٥) لەیاسای سزادان ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە .