کۆمسیۆن: بە کارتی کۆن و تازە بایۆمەتری دەتوانرێت بەشداری دەنگدان بکرێت

22/04/2021
فۆتۆ: 

وتەبێژی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، ئەو کەسانەی کە ناوی خۆیان لە تۆماری دەنگدەران نوێ نەکردووەتەوە و کارتی دەنگدانی نوێیان وەرنەگرتووە، دەتوانن بە کارتە کۆنەکانیان بەشداری دەنگدان بکەن.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، ئەو کەسانەی کە کارتی دەنگدانیان هەیە وێنەی خۆیانی لەسەرە یان وێنەی  لەسەر نییە، دەتوانن بەشداری دەنگدان بکەن لە ڕۆژی دەنگدان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا.

سەبارەت بەو کەسانەش کە زانیاریەکانی خۆیان لە تۆماری بایۆمەتری نوێکردووەتەوە، کە ئا ئێستا ژمارەکە گەیشتووەتە یەک ملیۆن و ٧٣٣ هەزار کەس، کە ٢٧ هەزار کەسیان لە ئاوارەکانن، بۆ هەموویان کارتی بایۆمەتریان بۆ دەردەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای تەواوبوونی پرۆسەکە بە گوێرەی شوێن و ناوچەکانیانی تۆمارکردنیان، کارتەکانیان بەسەردا دابەش دەکرێت، بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسانی لە ڕۆژی دەنگداندا بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان بکەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە بڕیارە لە ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی داهاتوو، پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ئەنجام بدرێت، بەڵام هەندیک دەنگۆ هەیە کە گوایە لایەنەکان کاردەکەن بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان لەو کاتەی کە بۆی دیاریکراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ شتێکی فەرمی دەرنەچووە و کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش هیچ لێدوانێکی فەرمی لەوبارەیەوە نەداوە.