وەزارەتی ڕۆشنبیری وەڵامی پەیامەکەی بارزانی و کۆسرەت ڕەسوڵی دایەوە

22/04/2021
فۆتۆ: 

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیری خۆی بۆ پەیامەکانی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و کۆسرەت ڕەسوڵ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی و داوای لە ڕۆژنامەنووسان کرد، دوور بكەونەوە لە شێوازی ناشارستانی کاری میدیایی و بە تەواوی ڕەچاوی پێوەرە جیهانی و ناوخۆكانی كاری رۆژنامەنووسی و ڕاگەیاندکاری بكەن.

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێم ڕایگەیاند،  ئەوان وێڕای دەستخۆشی و سوپاسگوزارییان، بۆ ئەم دوو هەڵوێستە، بە ھەلی دەزانن لە یادی ١٢٣ ھەمین ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردیدا لەبەر ڕۆشنایی ئەم دوو پەیامە، ئەم پێشنیارانە بۆ ھەموو لایەک بخەینە ڕوو .

یەکەم: گشت لایەنە سیاسییەكانی كوردستان (ئەوانەی لەدەسەڵاتن و ئەوانەش كە ئۆپۆزسیۆنن) بەهەمان شێوە فەرمان بە دەزگا میدیاییەكانیان بكەن كە دوور بكەونەوە لە شێوازی ناشارستانی کاری میدیایی و بە تەواوی ڕەچاوی پێوەرە جیهانی و ناوخۆكانی كاری رۆژنامەنووسی و ڕاگەیاندکاری بكەن، بە تایبەتیش ڕەچاوی یاسا و ڕێنماییە بەركارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق بكەن .

دووەم : وا باشترە گشت حزب و لایەنە سیاسیەكان خەڵك و جەماوەری خۆیان بە ئاقاری پاراستنی یەكڕیزی نیشتمانی و ئاشتەوایی كۆمەڵگای كوردستانەوە هانبدەن و ئاراستەیان بكەن و دووریان بخەنەوە لەهەموو جۆرە دیاردەیەكی توندڕەوی و سڕینەوەی یەكتری و بێ ڕێزیكردن بە نەتەوەو مێژووی كوردستان و سەروەرییەكانی .

سێھەم : کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیش پابەندی ئیتیک و موڕاڵی رۆژنامەوانی بن و ڕێز لە ئادابی گشتی و ڕەوشتی بەرزی کوردەواری بگرن و نەبنە ھۆکار بۆ زیاد بوونی توندو تیژی و کێشەی کۆمەڵایەتی.

لە بەشیکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووەن پێوستە ھەمووان بەتایبەت لایەنە سیاسیەکان دوورکەونەوە لە ھاندان و پشتگیری کردنی  ئەو سایت و لاپەڕە و ڕایەڵە ئەلیكترۆنییانەی تۆڕی كۆمەڵایەتی، کە خەریکی تەشھیر و سوک کردنی بەھاکانی کۆمەڵگان كە زۆربەیان سێیبەر و ھەڵگری بیرو باوەڕی  لایەنە سیاسیەکانن، بەبێ جیاوازی.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جەختیکراوەتەوە لەوەی، وێڕای دەستخۆشی لە بڕیار و پەیامی مسعود بارزانی و کۆسرەت ڕەسوڵ، داوا لە سەرۆک و سەرکردەکانی لایەنە سیاسییەکان دەکەن لە ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردی، پەیام و بڕیاری خۆیان ئاراستەی میدیاکانیان بکەن،  پەیامێک  روە و ئاشتەوایی و یەكڕیزی و پاراستنی بەھا بەرزەکانی کوردەواری بێت، چونکە بە ڕاستی ھەرێمی کوردستان و ھەموو لایەک لەبەردەم مەترسیەکی ڕاستەقینەداین.

مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا کە ئاراستەی دەزگاكانی ڕاگەیاندن و میدیایی پارتی دیموكراتی كوردستان کرد، داوایکرد خۆیان بە دوور بگرن لە دیاردەی ناپەسەندی بەكارهێنانی زمانی زبر لە ڕاگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا.

هاوکات کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی  سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی وبەرژەوەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەیادی ١٢٣ ساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا، پەیامێکی بڵاوکردەوە، داوا دەکات ڕۆژنامەنووسان پابەندی ئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانی بن و بابەتیانە و پیشەییانە ئەرکەکانیان جێ بەجێ بکەن و دووربکەونەوە لە زمانی تەشھیر و ھاندانی توندوتیژی.