ڕاگەیەندراوی ئەمنی عێراق لەسەر هێرشەکانی نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا

23/04/2021
فۆتۆ: 

خانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق ڕایگەیاند، ئامانج لە هێرشە موشەکییەکانی شەوی ڕابردووی نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، کە لە لایەک گروپە دەرچووەکان لە یاساوە ئەنجام دەدرێت، بۆ سەرقاڵکردنی هێزەکانیانە بە شتی لاوەکییەوە، کە لە ئێستادا بە شوێن پاشماوەی گروپە تیرۆریستییەکانەوەن.

لە ڕاگەیەندراوێکدا خانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی بڵاویکردەوە، شان بەشانی ئۆپراسیۆنە پێشوەختەکان، کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەدژی چەکدارانی داعش لە چەند ناوچەیەکی جیاجیای عێراق بەڕێوە دەچێت، گروپەکانی دەرچوو لە یاسا دەیانەوێت هێزە ئەمنییەکان بە شتی لاوەکییەوە خەریک بکەن، ئەویش لەڕێگەی ئاراستەکردنی موشەک بۆسەر ئەو ناوچانەی کە بارەگای هێزە ئەمنییەکانن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆی ٨موشەک ٣ لە موشەکیان لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی بەغدا کەوتوونەتەوە، بەشێوەیەک موشەکی یەکەم لە نزیک زیندانی ناوەندی کەرخ و دووەمیان لە نزیک ئەکادیمیای دەزگای دژەتیرۆر لە گۆڕەپانێکی چۆڵدا، سێهەمیشیان لە نزیک بارەگای یەکێک لە فەوجەکانی دەستوەردانی خێرا کەوتوونەتەوە.

بەیاننامەکە جەختیشیکردووەتەوە، هیچ کام لە موشەکەکان زیانی گیانیان بەدواوە نەبووە، دواتریش تیمی ئەمنی تایبەت چارەسەری ئەو موشەکانەی دیکەی کردووە کە نەتەقیوون و لەسەر یەکێک لە خانووە چۆڵەکان جێگیر کرابوون، کە ماوەی ١٠ ڕۆژە بەکرێ دراوە.