وەزارەتی ڕۆشنبیری: لە ڕۆژی جیهانی کتێبدا تواناکانمان تەرخان دەکەین بۆ فراوانکردنی کلتوری خوێندنەوە

23/04/2021
فۆتۆ: 



وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی جیهانی کتێب و مافی نوسەر، ڕایگەیاند، وزەو تواناکانی خۆی تەرخان دەکات بۆ زیاتر گرنگی دان بە کتێب و وەشان و فراوانکردنی کلتوری خوێندنەوە لە کومەڵگای کوردستان بە گشتی و لاوان بە تایبەتی.

لە ڕاگەیەندراوێکدا بەو بۆنەیەوە وەزارەتی ڕۆشبیری ئاماژەی بەوەکردووە، لەم ڕۆژەدا پیرۆزبایی لە نووسەران و توێژەران و خوێنەرانی کتێب و کتیبخانەکان و هەموو دەزگانی وەشاندن دەکات و ڕۆڵ و بایەخیان بەرز دەنرخێنێت.

جەختیشیکردووەتەوە، پێویستە کوالیتی جۆری و چەندایەتی کتێب، کە پەیوەندارە بە هەموو ژانرە ئەدەبی و زانستییەکانەوە، هەروەها زمان و ڕێنووس و بابەتەکانی کتێب بە نووسین و وەرگێڕانەوە،  خزمەت بە زمان و پەرەپێدانی بکات و بچنە خانەی خزمەتکردن بەو ئامانج و پرینسیپانەی کۆمەڵگای کوردستانەوە، بە تایبەت و پرینسیپەکانی ئازادی و بەرپرسیاریەتی کۆمەڵایەتی و ئاشتەوایی و پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە هەمەجۆریی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و بیروڕا و بەرەنگاربوونەوەی فیکری تیروریستانە و توندڕەوی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کتێب جگە لەوەی کایەیەکی هزرمەندانەیە بۆ فێربوون و پەرەپێدانی توانا مەعریفییەکان، هەروەها ئامڕاز و کەناڵێکی پڕ بایەخە بۆ پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان و گەلانی جیهان، بۆیە هێزی چاکەی گشتی و پەرەپێدانی هاوشانی کلتووری و پاراستنی تایبەتمەندییەکان و کۆشش بۆ لەیەکتر گەیشتن و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان، لە کتێبدا بەرجەستە دەبن و لەنێوان گەلانی جیهاندا تەونی ئەو پەیوەندییانە ڕادەکێشێ و ڕێکدەخات و پتەوتریان دەکات.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێم ڕوونکراوەتەوە، گەلی کوردستان بۆ ئەوەی تایبەتمەندیی کلتووریی و جیهانبینی خۆی بۆ بەها مرۆییەکان، بە جیهان بناسێنێ و بە هی ئەوانیش ئاشنا بێ، پێویستە بایەخی زیاتر بە هەموو ژانرەکانی کتێب بدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و زانکۆ و ناوەندە ئەدەبی و زانستییەکانەوە،  توانای یاسایی و دارایی پێویست بۆ ئەم بوارە تەرخان بکات و پەرەی پێ بدات.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جەختیکراوەتەوە لەوەی ، کتێب، لەپاڵ بایەخی زانستی و مەعریفی، پارێزەر و پەرەپێدەری زمانە و پێویستە ئەو ناجۆرییەی ئێستا لە زمانی نووسین و میدیایی ئێمە، سەبارەت بە زمانی دایکمان، زمانی کوردی بە هەموو شێوەزارەکانی و زمانی نەتەوە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان هەیە، زیاتر جێی بایەخی نووسەران و توێژەران و دامودەزگا فەرمی و ئەکادیمییەکانمان بێ و ڕێک بخرێتەوە و بە کۆشش و هەماهەنگی هەمووان، چاکسازییەکی بنەڕەتی تێدا بکرێ.

لە ساڵی ١٩٩٥ ەوە، ڕێکخراوی یۆنسکۆ بڕیاری داوە کە ڕۆژی ٢٣ی نیسان ڕۆژی جیهانیی کتێب و مافی نووسەرە و لە سەرانسەری جیهاندا، بەم بۆنەیەوە، چالاکی جۆراوجۆر دەکرێ و بایەخی کتێب لە ژیانی گەلان و پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان و نەتەوەکان، لە ڕێی کتێبەوە، وەبیر دەهێنرێتەوە و ڕێزی لێ دەگیرێت .