پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە ئەگەری باران بارین هەیە

23/04/2021
فۆتۆ: 

دەستەی کەشناسی و چاودێری بومەلەرزەی عێراق ئەمڕۆ هەینی پێشبینییەکانی هۆی بۆ دۆخی کەشوهەوای دوو ڕۆژی داهاتوو بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئاسمان هەور دەبێت و پلەکانی گەرماش نزم دەبنەوە و ئەگەری باران بارینیش هەیە.

دەستەکە ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باکور ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و پلەکانی گەرماش کەمێک نزمتر دەبنەوە لە چاو ڕۆژانی ڕابردوو.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ شەممە، کەشوهەوای ناوچەکانی ناوەڕاست نیمچە هەور دەبێت و ئەگەری باران بارینیش هەیە لە ناوچەکانی خۆرئاوای عێراق.

ماوەی چەند ڕۆژێکە پلەکانی گەرما لە سەرانسەری عێراق ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە، بە تایبەت دوای ئەوەی ماوەیەکی زۆرە باران نەباریوە، لە کاتێکدا وەرزی باران بارین بەرەو کۆتایی دەچێت.