عێراق: لەگەڵ سێ وڵات گفتوگۆ کراوە بۆ بنیاتنانی چەند وێستگەکی ئەتۆمی

23/04/2021
فۆتۆ: 

دەستەی عێراقی بۆ کۆنترۆڵی مادە تیشکدەرەوەکان ڕایگەیاند، لەگەڵ سێ وڵات یاداشتی لێکتێگەیشتن ئیمزا کراوە، بە مەبەستی پەلەکردن لە بنیاتنانی چەند وێستگەیەکی ئەتۆمی عێراقی.

کەمال حسین سەرۆکی دەستەی کۆنترۆڵی مادە تیشکدەرەوەکانی عێراق ڕایگەیاند، لیژنەی تایبەتی حکومەت سەبارەت بە سەرپەرشتیکردنی بنیاتنانی چەند وێستگەیەکی ئەتۆمی بۆ توێژینەوە، چەند کۆبوونەوەیەکی سەرەتایی ئەنجامداوە، بە مەبەستی تاوتویکردنی قۆناغی بنیاتنان و بنەماکانی دروستکردنی چەند ویستگەیەکی ئەتۆمی، بەگوێرەی ڕێنماییەکانی ئاژانسی جیهانی وزەی ئەتۆم.

ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا دوو سەردانیان کردووە بۆ باڵیۆزخانەی روسیا و لەگەڵ باڵیۆزی ڕوسیا لە عێراق و ڕاوێژکاری کۆمپانیای (ڕوس ئەتۆم)ی ئەم وڵاتە کۆبوونەتەوە و تاوتوێی بابەتەکەیان کردووە.

لە وتەکانیدا ئەو لێپرسراوە عێراقییە جەختیکردەوە، ڕێکەوتن کراوە لەسەر دەرکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن، کە چەند بەندێک لە خۆ دەگرێت و هاوکار دەبێت بۆ پەلەکردن لە بنیاتنانی چەند وێستگەیەکی ئەتۆمی.

ئاشکراشیکرد، لە لایەکی ترەوە چەند دیدارێکیش لەگەڵ لایەنی فەڕەنسی ئەنجامدراوە، بۆ هاریکاریکردن و کارکردن لەگەڵ عێراق، بۆ بنیاتنانی توانی ئەتۆمی ناوخۆیی ئاشتیانە، لە ئیستاشدا چاوەڕوانی رەزامەندین ، بۆ ئەوەی وردەکاری هاریکارییەکە ئاشکرا بکرێت، بەوشێوەیەی کە لە یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵیان ئیمزا کراوە، بۆ ئەوەی هاریکاری عێراق بکرێت لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی لە بوارەکانی وزە و کەرتی پزیشکیدا.

کەمال حسین سەرۆکی دەستەی عێراقی بۆ کۆنترۆڵی مادە تیشکدەرەوەکان ئاشکرایکرد، لەگەڵ لایەنی ئەمریکیش گفتوگۆیانکردووە، بۆ ئەو مەبەستەش شاندێکی ڕاسپێراوی باڵا سەرقاڵی وتوێژە لەگەڵ لێپرسراوە پسپۆڕەکان و حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ هاریکاری عێراق لەو ڕووەوە.

سەبارەت بە بوونی کادیری پێشکەوتوو  پسپۆڕ بۆ بواری ئەتۆمی، کەمال حسین رایگەیاندن هاوکات لەگەڵ کارکردن لەسەر بنیاتنانی وێستگە ئەتۆمییەکان، پرۆگرامی تایبەتیش دادەڕێژرێت بۆ ڕاهێنانی کادیرانی عێراقی لەسەر پرۆژەکە، ئەوەش پرۆسەیەکی کارپێکراوە لە هەموو وڵاتانی جیهان.

جەختیشیکردەوە قوتابیانی سپۆڕ و لێهاتوو ئامادەی خولەکان دەکەن و رەوانەی دەرەوەیان دەکەن، بە مەبەستی تەواوکردنی خوێندنەکەیان لە بواری وزەی ئەتۆمی لە کاتی ماوەی دامەزراندن و کارپێکردنی وێستگەکان.

سەبارەت بە بنیاتنانی وێستگە ئەتۆمییەکانیش ئەو لێپرسراوە عێراقیە کەرتی ئەتۆمی ڕایگەیاند، قۆناغی ئێستای کارکردنی ئەوان لەگەڵ ئەو ٣ وڵاتە قۆناغی لێکتێگەیشتن و دۆزینەوەی زەمینەی هاوبەشە لەگەل هاوبەشەکان، بە مەبەستی هەماهەنگی زیاتر.

جەختیشیکردەوە، دواتر پرۆگرامەکە دەخرێتە بەردەستی حکومەت، بە مەبەستی تاوتوێکردنی بودجەی پێویستی پڕۆژەکان، هەر کاتێکیش پەسەن کرا، بۆ ڕاگەیاندنەکان ئاشکرا دەکرێت.

ئەو هەنگاوە نوێیانەی عێراق بۆ بنیاتنانی وێستگەی ئەتۆمی بواری ئاشتی لە کاتێکدایە، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢دا، دەستەی عێراقی بۆ کۆنترۆڵی مادە تیشکدەرەوەکان ڕایگەیاندبوو، ٥ دەوڵەت کاندیدن بۆ ئەوەی عێراق ڕێککەوتنیان لەگەڵدا ئیمزا بکات، بە مەبەستی بنیاتنانی وێستگەی ئەتۆمی نوێ، وڵاتەکانیش بریتین لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، روسیا، ئەرجەنتین، کۆریای باشور، فەڕەنسا.

پێشتریش لە کاتی سەردانەکەی بۆ چەند وڵاتێکی ئەوروپی، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ لێپرسراوانی فەرەنسا گفتوگۆی کردبوو، بۆ بنیاتنانی وێستگەیەکی ئەتۆمی، ئەو کات  باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە بەغدا جەختیکردەوە، بابەتێکی لەو جۆرە جێگەی بایەخێکی گەورەی حکومەتی فەڕەنسا بووە.