فەرماندەی سوپای ئەمریکا: بە هیچ شێوەیەک لە عێراق پاشەکشە ناکەین

23/04/2021
فۆتۆ: 

فەرماندەی ناوەندیی سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک ژمارەی هێزەکانی خۆی لە عێراق کەمناکاتەوە، ئەویش لەسەر خواستی حکومەتی بەغدا.

کینس ماکینزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەىاند "عێراق دەیەوێت بمێنینەوە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک ژمارەی هێزەکانمان کەمناکەینەوە".

ماکینزی ئاماژەی بەوەشکرد، لەو بڕوایە نییە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەسەر لێواری چوونە ناو جەنگێکەوە بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە ئەفغانستانیش، کە بڕیارە لە مانگی ئایاری داهاتوودا بچێتە بواری جێبەجیکردنەوە، ماکینزی ڕایگەیاند، دوای کشانەوەش واشنتۆن پشتیوانی لە هاوپەیمانەکانی دەکات لە ئەفغانستان، بەڵام بە هیچ شێوەیەک لەسەر خاکی ئەفغانستان نابێت.

فەرماندەی ناوەندیی سوپای ئەمریکا جەختیشکردەوە، هێزەکانی ئەمریکا لە ئامادەباشیدا دەبێت، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر هەڕەشەیەکی تیرۆریستی، کە سەرچاوەکەی لە ئەفغانستانەوە بێت.

ئەو لێدوانانەی فەرماندەی ناوەندیی سوپای ئەمریکا لە کاتێکدایە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا ئاشکرایکرد، بە نزیکبوونەوە لە ساڵیادی روداوەکانی ١١ی سێپتەمبەری داهاتوو، ئیدارەکەی  بە خشتەیەکی زەمەنی دیاریکراو، کۆتایی دەهێنێت بە بوونی هێزەکانی وڵاتەکەی لە ئەفغانستان، پرۆسەکەش لە ڕۆژی ١ی مانگی ئایاری داهاتوەوە دەستپێدەکات.