کەی هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی یاسای بودجە؟

24/04/2021
فۆتۆ: 

20 ساڵى رەبەق پێش ئێستا لەکاتێکدا کوردستان لە هەلومەرجێکى نالەباردابوو، تازە شەڕى ناوخۆ کۆتایی هاتبوو حکومەت داهاتى کەمبوو، نەوت نەبوو

بەڵام لەو دۆخە سەختەشدا، حکومەتى هەرێم پڕۆژەى بودجەى ناردووەتە پەرلەمان و داهاتەکانى خستووەتە ڕوو، بۆ نموونە ئەمە دەقى یاساى بودجەى ساڵى 2002 ە کە لە پەرلەمانى کوردستان پەسەند کراوە

لە مادەى دووەمدا بە روونى ئاماژە بە داهاتى ئەو ساڵەى حکومەتى هەرێم کراوە کە بە یەک ملیار و 828 ملیۆن و 45 هەزار و 982 دینارى سویسرى خەمڵێندراوە

وەک پسپۆڕانى ئابورى دەڵێن: یەكێك لە پایە گرنگەكانی حكومڕانی رەشید و شەفاف پەیوەستە بە بوونی یاسای بودجەوە بۆ ئەوەی داهات و خەرجی حكومەت بە روونى دیاری بکرێت

بەڵام وا 8 ساڵ دەچێت حکومەتى هەرێم پڕۆژەى بودجەى نییە و ئەمەش بە پاشەکشەیەکى گەورە لە رووى شەفافیەتەوە لێکدەدرێتەوە

یەکێک لە بەڵێنە سەرەکییەکانی ئەم کابینەیە، ئامادەکردنى پڕۆژە یاساى بودجەى ساڵانە بوو بەپێی ئەو داهاتانەی لەبەردەستن، بەرپرسانى حکومەت دڵنیایی تەواویان دا کە ئەمساڵ پڕۆژەى بودجە دەبنە پەرلەمان.

بەڵام نزیکەی چوار مانگ و نیوی ئەمساڵ تێپەڕبووە و تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێم پرۆژەکەى رەوانەی پەرلەمان نەکردووە زۆربەی ئاماژەکان بۆ ئەوەن ئەمساڵیش حکومەت یاسای بودجەی نابێت.

ئەوەی بووتە جێگەی رەخنە و سەرنجی هەمووان، حکومەتى هەرێم لە ساڵی 2014ەوە پرۆژە بودجەی نییە چۆنی بوێت داهاتەکانی خەرج دەکات.

8 ساڵە پەرلەمان دەڵێت چاوەڕوانین حکومەت پرۆژە بودجەمان بۆ بنێرێ بۆ ئەوەی پەسەندی بکەین لەو بارەوە پەرلەمان هەڵوێستی جدی و گوشاری لەسەر حکومەت نەبووە

حکومەت بەهانەی ئەوەی هەیە کە بڕی داهاتی مانگانە یان ساڵانەی نادیارە و حکومەتی عێراق بودجەی بۆ رەوانە ناکات

بەپێی لێکدانەوەی بارودۆخی حکومەت بێت، رەنگە ئەو بەهانەیە بۆ ساڵی 2014 راستبێت بەڵام لە دوای ئەو ساڵەوە داهاتی حکومەت دیارە لەبەر ئەوەی زۆربەی داهاتەکەی لە فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆوە دەست دەکەوێت.

رۆژانە زیاتر لە 450 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت ئەوە جگە لەو چەند ساڵەی کە بەهۆی شەڕی داعشەوە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک کەوتنە دەست حکومەتی هەرێم رۆژانە زۆر زیاتر لەو بڕەیان دەفرۆشت.

حکومەت هیچ پرۆژە بودجەیەکی نەبوو بۆ ئەمساڵ هیچ بەهانەیەک لەبەردەم حکومەتی هەرێم نەماوەتەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق گەیشتووەتە رێککەوتن.

بەڵام ئامادەکردنی پرۆژەکەی فەرامۆشکردووە و نازانرێت رەوانەی پەرلەمانی دەکات یاخود نا لە کاتێکدا ساڵ خەریکە نزیک دەبێتەوە لە نیوە

ئێستا کە مانگی چوارداین هەرچۆنێک حکومەت پەلە بکات لە پرۆژەکە دوو مانگی دەوێت واتە دەکەوێتە مانگی 6 بۆ نمونە حکومەت هەرچۆنێک بکات  لەم 18 رۆژەی مانگی 4 دا پرۆژەکە بداتە پەرلەمان

 ئەی لیژنەی دارایی پەرلەمان چەند رۆژی  پێویستە بۆ پێداچوونەوە، ئەی چەند رۆژی دەوێت بۆ پەسەندکردن، ئەی وەزارەتی دارایی چەندی دەوێت بۆ ئەوەی رێنمایی بۆ جێبەجێکردنی دەربکات.

زۆربەی ئاماژەکان بۆ ئەوەن ئەگەر حکومەت ئەمساڵ یاسای بودجەشی هەبێت تەنیا بۆ چەند مانگێک دەبێت کە کەمتر دەبێت لە 6 مانگ.

لە کاتێکدا پێویستە هەموو حکومەتێک پێش هاتنی ساڵ پرۆژە بودجە بنیرێتە پەرلەمان بۆئەوەی پەسند بکرێت و لە 1ی 1ەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بۆ هەر 12 مانگەکەی ساڵ بێت.

حکومەتی عێراق بەو هەمووە ناکۆکی سیاسی و ئەمنی و کێشە داراییەوە پرۆژە بودجەی دوانەخست و رەوانەی پەرلەمانی کرد، ئەو دواکەوتنەش لە پەرلەمان روویدا بەشێکی پەیوەندی بە گفتوگۆکردنەوە هەبوو لەگەڵ حکومەتی هەرێم

جگە لەوەی هەرێم 7 ساڵی رابردوو پرۆژە بودجەی نەبووە بەپێی لێدوانی عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە تا ٢٠٢٠ هەرێمی کوردستان هیچ خشتەیەکی داهاتەکانی بۆ حکومەتی فیدڕاڵی نەناردووە.

نە حکومەت و پەرلەمانی عێراق ئاگاداری بەدەستهێنان و خەرجکردنی داهاتەکەی بوون سەرۆکی حکومەت و حزبەکەی بڕیاردەری سەرەتا و کۆتایی بوون لە بارەی داهات و بودجەی هەرێم