دەمیرتاش و هاوڕێکانى لەدادگاى تورکیادا؛ تاوانى سیاسی یا جیاوازیی نەتەوەیی؟

26/04/2021
فیگەن یوکسیکداغ و سەڵاحەدین دەمیرتاش
فۆتۆ: 

ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانى تورکیا دەستیان بە دادگاییکردنى سەرکردە کوردەکانى باکوور کردووە لەناو ئەوانیشدا سەڵاحەدین دەمیرتاش، میدیا تورکیەکان باسیان لەوەکرد ئەىمڕۆ 108 کورد دادگایی کراون کە بەشێکیان لەسەرکردەو کەسە دیارەکانى پارتى دیموکراتی گەلان –هەدەپە-ن.

دادگاییکردنى سەڵاحەدین دەمیرتاش و هاوڕێکانى بەهۆى ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیە توندانەوە بوو کە لەناو تورکیادا ئەنجام دران لە مانگى تشرینى دووەمى 2014 لە دژى گەمارۆی سەر شارى کۆبانێ لە رۆژئاواى کوردستان لە لایەن داعشەوە، کە شارێکى کوردستانیەو دەکەوێـتە رۆژئاواى کوردستان لە باکوورى سوریا.
بە پێى ئەو سکاڵایانەى کە لەدژی پەرلەمانتارو سیاسیەکانى سەر بە هەدەپە ئاڕاستەى داداگا کراوە، بەشداریکردنى پەرلەمانتارو سەرکردە سیاسیەکانە لەو خۆپیشاندانەدا کە توندوتیژیی لێکەوتووەتەوە و بووەتە هۆی کوژرانى 37 کەس و برینداربوونى دەیان کەسى تر, لەناویشیاندا سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکى هەدەپە کە لە ساڵی 2016 ەوە لە زینداندایەو فیگین یوکسیکداغ. تاوانێکەو هەرکەس بیکات دەبێت لێپێچینەوەى لێبکرێت، بەڵام ئەوان لەبەردەم دادگادا بەرگرییان لە خۆیان کردوەو دانیان بەو تۆمەتانەدا نەناوە کەئاڕاستەیان کراوە.

دادگاى تورکیا تاوانى توندوتیژییەکانى خستوەتە ئەستۆی ئەوان و بەتاوانى دروستکردنى مەترسی، کوشتن، هەوڵدان بۆ کوشتن، دزی و تاڵانى دادگایی کردون و بەردەوامە لە دادگایی کردنیان.

لە هەمان کاتدا پارتى دیموکراتى گەلان –هەدەپە- ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە کە دەستى هەبووبێت لە هاندانى پشێوی و توندوتیژى نانەوە لەناو خۆپیشاندەراندا و پۆلیسى چالاکیە مەدەنیەکان و هێزە ئەمنى و سەربازییەکانى تورکیا بەوە تاوانبار دەکات کە هۆکاری سەرەکى سەرهەڵدانى توندوتیژییەکانى ئەو خۆپیشاندانە بوون.

هەروەها جەختیان کردووەتەوە پارتى دیموکراتى گەلان –هەدەپە- لەو رۆژەدا بانگەوازى خۆپیشاندانێکى ئاشتییانەیان کردووە لە دژى گەمارۆکانى سەر شارى کوردنشینى کۆبانێ کە داعش لە هەرچوارلاوە گەمارۆی دابوون، هەروەها ڕوونیشى کردووەتەوە ئەوانەى کە لە خۆپیشاندانەکانى ساڵى 2014 دا کوژراون زۆرینەیان لە ئەندامانى هەدەپەن نەک بە پێچەوانەوە.

ئەمڕۆ مەدحەت سانجار، هاوسەرۆکى هەدەپە، پێش لە دادگایی کردنى ئەو ئەندام و سەرکردانەى حیزبەکەى ڕایگەیاند دادگایی کردنەکە سیاسی و تۆڵەسێنانەیە، ڕق و قینى حکومەتە لەو شکستەى کە خەڵکى کۆبانى بەسەر ڕێکخراوى داعشیاندا هێناوە نەیانتوانى شارەکە بگرن. ئەوان باجی کوردبوونیان دەدەن نەک هیچى تر.

لە هەمان کاتدا دەسەڵاتدارانى تورکیا پارتى دیموکراتى گەلان بە ڕووکەش و دیوە دیارەکەى پارتى کرێکارانى کوردستان –پەکەکە- دەزانێت، کە تورکیاو هاوپەیمانەکانى لە لیستى تیرۆردا دایان ناون و هەدەپەش ئەو تۆمەتە ڕەتدەکاتەوە و ڕوونیان کردووەتەوە ئەوان باجى ئۆپۆزسیۆن بوونى ئەردۆگان و حیزبەکەى دەدەن.

لە مانگى ئازارى ئەمساڵدا داواکاری گشتى تورکیاش داواى لە دادگاى دەستورى تورکیا کردووە کە هەدەپە قەدەغە بکرێت و مۆڵەتى یاساییەکەى لێوەربگرنەوە، سەرەڕای بەڕێوەچوونى دادگاکە، بەڵام لەبەر ئەوەى هەندێک کەم و کوڕیی لە دۆسیەکەدا هەبووە دادوەر نەیتوانیوە دۆسیەکەیان یەکلایی بکاتەوە.

پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە ( HDP  ) پارتێکی سیاسییە لە تورکیا   لە ژێر کاریگەری ئایدیای چەپ و سۆسیالیزمدایە، پارتەکە لە 15 تشرینی یەکەمی 2012 لە ئەنقەرە   دامەزراوە، سیستمى هاوسەرۆکى پەیڕەو دەکات،  ئامانجی پارتەکە دامەزراندنی حکوومەتێکی دێموکراتییە لە تورکیا بۆ ئەوەی کۆتایی بە کپکردن بێنن، پارتەکە لەلایەن چەند کوردێکی چەپڕەو دامەزراوە و سێ لە کەسە دیارەکانی ئەو پارتە پێشتر لە پارتی ئاشتی و دیموکراسی     (بەدەپە) بوون کە یەکێکیان سری سورەیا ئوندەرە، هاوکات هەدەپە و بەدەپە پەیوەندییەکی قووڵیان لەگەڵ یەک هەیەو  تاڕەدەیەک هاوبەشانە کارەکانیان دەکەن  .

ھەدەپە پارتێکی سۆسیال دیموکراتە   کە پابەندە بە دژایەتیکردن لەگەڵ سیستمی سەرمایەداری و خوازیاری کۆتاییھێنانە بە ھەڵاواردنی ئایینی، ڕەگەزایەتی و نەتەوایەتی.

ئەم پارتە 50 لەسەدی نوێنەرەکانى تایبەت کردووە بۆ ژنان، ئەندامەکانى گرنگى زۆر بە ژینگەپارێزیی دەدەن و دژی دەستپێکردن و چالاکیی ئەتۆمى و وزەى ناوەکین   لە تورکیا.

دەوڵەتی تورکیا ئەم پارتە تۆمەتبار دەکا بە پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان   و کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە-بەڵام ئەوان بە توندى ڕەتى دەکەنەوە.

سەلاحەددین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی ئێستای ھەدەپە لە ھەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری ساڵی 2014 وەک کاندیدی ئەم پارتە بەشداری کرد و توانی 9.76 لەسەدی دەنگەکان بەدەست بێنێت، بەڵام نەیتوانى سەرۆکایەتى تورکیا مسۆگەر بکات، لەداوى خۆپیشاندانەکانى مانگى تشرینى دووەمى تورکیا لە ساڵى 2016 دەستگیرکراو تا ئێستاش لە زینداندایە لەبەر ئەوەى بەشدارى ئەو خۆپیشاندانەى کردبوو، دەمیرتاش باس لەوە دەکات کاتێک سەردانى عەبدوڵا ئۆجەلانیان کردووە لە ئیمراڵی پێى ڕاگەیاندوون کۆبانێ و پرۆسەی چارەسەری پەیوەستن بەیەکەوە و لەیەکتر جیاناکرێنەوە.

دەمیرتاش نووسەر و سیاسەتمەدارێکی کوردی زازایە، لە نیسانی ساڵی 1973 دا لە شارۆچکەی پالۆی   سەر بە پارێزگای خارپێتی   باکووری کوردستان   لەدایکبووە. لە ساڵی 2007دا لەسەر لیستی پارتی کۆمەڵگای دیموکراتیک   (DTP) وەکوو نوێنەری پارێزگای ئامەد   بۆتە ئەندامی پەرلەمانی تورکیا   و لە دوای قەدەغەکردنی ئەم پارتە لە لایەن دادگای دەستووری تورکیاوە، لە ساڵی2010 بوو بە ھاوسەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراسی   (BDP)  ، ئێستاش سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان ھەدەپەیە  .

دەرچووی کۆلێژی یاسایی زانکۆی ئانکارایە دەمیرتاش بەر لەوەی بە شێوەی ئەکتیڤ بێتە ناو سیاسەت، لە بەڕێوەبەرانی لقی ئامەدی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ  [IHD] بووو  لە دامەزرێنەرانی لقی ئامەدی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و ڕێکخستنی مافی مرۆڤی تورکیاشە  .

هەرچى (فیگەن یوکسەکداغ)  (  یشە لەدایکبووی 1971 لە  ئاداناى باکوورى کوردستان، کەسایەتی سیاسیی چەپی تورکیایە   و لە 2014ەوە شانبەشانی  سەلاحەدین دەمیرتاش   هاوسەرۆکی  پارتی دیموکراتی گەلان     کارى سیاسی و پەرلەمانى کردووە، تا لە ساڵی ٢٠١٧ کە دادگای تورک ئەو بەتاوانى ھاوکاریکردن لەگەڵ پەکەکە لە مافی ئەندام پارلەمانی بێبەش کرد و زیندانی کردن .

فیگەن چالاکوانی مافی ژنان بووە و سەرنووسەری گۆڤاری ژنانی سۆسیالیست بووە. لەساڵی 2010 حیزبێکی سۆسیالیستی داەدەمەزرێنێت لە تورکیا دوای چوونە ناو پارتی گەلان حیزبەکەشی دەچێتە پاڵ پارتی گەلان (ھەدەپە).