هێرشەکانى ئەم دواییەى تورکیا و بێدەنگى ناوەند و هەرێم

26/04/2021
فۆتۆ: 

ئۆپەراسیۆنی چنگ-برووسکە و چنگ-هه‌وره‌تریشقە - لە رۆژى 24 نیسانەوە دەستى پێکردوە و تا ئێستاش بەردەوامى هەیە، تورکیا بە بیانووى پاراستنى سنورەکانى خۆی و لێدان لە هێزەکانى پارتى کرێکارانى کوردستان نزیکەى 10 کیلۆمەتر هاتوونەتە ناو خاکى هەرێمى کوردستانەوە.

سەربەست ئاکرێی بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسی لە کاتى دەستپێکردنى ئۆپەراسیۆنەکەدا بە تۆری هەواڵی ژیانی ڕاگەیاندبوو، بەو پێیەی ناحیەی کانی ماسی دەڤەرێکی سنورییە،  ڕۆژانە بە بیانووی بوونی چەکدارانی پەکەکە لە لایەن سوپای تورکیا بۆردومان دەکرێت.
بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسی ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەر لە ئێوارەی رۆژى 23 نیسانەوە تا بەرەبەیانی 24 نیسان سوپای تورکیا ناوچەکەی بۆردومانکردووە و دواتریش سوپای تورکیا بە قوڵایی ٩ کلیۆمەتر هاتووەتە ناوخۆیی خاکی هەرێمی کوردستانەوە.

بە پێى سەرچاوە میدیاییەکانى هەردوو لایەنى جەنگەکە شەڕو پێکدادان بەردەوامییان هەیە، له‌ مانگی حوزه‌یرانى  وە تورکیا دوای  ئۆپەراسیۆنى حه‌فتانین  به‌رده‌وام لە هەوڵی داگیرکردنی چیای كێستەدا‌یە، بۆ ئەو مەبەستەش پێشتر به‌رده‌وام بۆردوومانی کردووە و دواجار  لە 24 نیساندا هێزەکانی خۆی لێ جێگیر کرد . .

خلوسى ئاکار لە ناوچه‌ی ئاڤاشینە

بە پێى هەواڵێکى ئاژانسى ئەنادۆڵی تورکیا، خولوسی ئاكار به‌ هاوه‌ڵی هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای توركیا، جه‌نه‌راڵ یاشار گوله‌ر، فه‌رمانده‌ی هێزه‌ وشكانییه‌كان، جه‌نه‌راڵ ئومیت دوندار، فه‌رمانده‌ی هێزه‌ ئاسمانییه‌كان، جه‌نه‌راڵ حه‌سه‌ن كوچوكئاكیوز و فه‌رمانده‌ی هێزه‌ ده‌ریاییه‌كان، ئه‌دمیراڵ عه‌دنان ئۆزباڵ گه‌یشته‌ فه‌رمانده‌یی فیرقه‌ی پیاده‌ی سێ له‌ شارۆچكه‌ی یوكسه‌كۆڤا سه‌ربه‌ هه‌كاری و ناوه‌ندی ئۆپه‌راسیۆنی چنگ-هه‌وره‌تریشقەی به‌سه‌ركرده‌وه‌ .

وەک ئاژانسە تورکیەکە نوسیویەتی: ئاكار له‌ ناوه‌ندی ئۆپه‌راسیۆنی چنگ-هه‌وره‌تریشقە كه‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ی ئاڤاشین- له‌میانی گوته‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئۆپەراسیۆنه‌كانی چنگ-برووسکە و چنگ-هه‌وره‌تریشقە زۆر به‌ سه‌ركه‌وتوویی به‌ڕێوه‌ده‌چن و رایگه‌یاند: "ده‌مه‌وێت جارێكی دیكه‌ ئه‌وه‌ بڵێم كه‌ تا ئه‌و كاته‌ی دوایین تیرۆریست له‌ چالاكی ده‌خرێت، خه‌باتمان به‌رده‌وام ده‌بێت. ئه‌و كاته‌ی كه‌ دوایین تیرۆریست له‌ چالاكی خرا، ئه‌ركی ئێمه‌ و ئۆپه‌راسیۆنه‌كانمان كۆتاییدێت ".

هەپەگە: داگیرکەران تاروومار کران

هەپەگە دەربارەی چالاکی گەریلاکانی ئازادی کوردستان و هێرشی داگیرکاری سوپای تورک ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە، تیایدا سەرەڕای سەرجەم چالاکییە سەربازییەکان، هەندێک زانیاریشى خستوەتە ڕوو، تیایدا هاتووە:

"ئەو هێرشەی کە سوپای داگیرکەری تورک ڕۆژی ٢٣ی نیسانی ٢٠٢١ لە سەر مەتینا، ئاڤاشین و زاپ-ی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دەستیپێکردووە بەردەوامى هەیە، هەپەگە لە کۆى ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەى بەوە داوە سوپاى تورکیایان شپرزکردووەو زیانى زۆریان لێداون.

بەکارهێنانى گازی ژەهراوی:

هەپەگە لە بەیاننامەکەیاندا باس لەوە دەکەن کە لە رۆژى ٢٥ی نیسان لە کاتژمێر ٠٩:٠٠ بۆ ١٠:٠٠ سوپای تورک بە گازی ژەهراوی بەکارهێناوە،  لەهەمان ڕۆژدا و لە کاتژێرەکانی ١٠:٤٠ و ١١:٥٠ دا سوپای تورک ٢ جار بە بەردانی گازی ژەهراوی بۆ ناو تونێلەکانی شەڕ  لە گردی شەهید سەرداری هەرێمی ئاڤاشین بەکارهێناوە.

سەبازە بێسەرو شوێنەکان:

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی "میزۆپۆتامیا"، بەمەبەستی ئەنجامدانی ئەرکێکی تایبەت لەڕێگای هێلیکۆپتەرێکی سەربازیی تورکییەوە لەناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی گەریلاكانى په‌كه‌كه‌ ژمارەیەک سەرباز دابەزێنراون، بەڵام پەیوەندییان پێیانەوە بچڕاوە و پەنایان بۆ لایەنێکى دەسەڵاتداراى ناوچەکە بردووە کە هاوکارییان بکەن لە دۆزینەوەى ئەو سەربازانەدا بەڵام هیچ لایەنێک ئەو زانیارییەى پشتڕاست نەکردووەتەوە.

حکومەتى ناوەند و هەرێم بێدەنگن:

سەرەڕای ئەوەى لەم هێرشەدا زیاتر لە 9 کیلۆمەتر سوپاى تورکیا هاتووەتە ناو خاکى عێراق و هەرێمى کوردستان، بەڵام هەردوولا بێدەنگییان هەڵبژاردووە، ئەوە لە کاتێکدا ژمارەى سەربازگەو شوێنە سەربازییەکانى تورکیا لە هەرێمى کوردستاندا زۆرتر دەبن، بەڵام چاوى حیزب و لایەنە دەستڕۆشتووەکانى عێراق هەر لەسەر دەرکردنى سوپاى ئەمریکایەو لەبەرامبەر سوپاى تورکیادا نقەیان لێوەنایەت.

عەلى حەمە ساڵح ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لەو بارەیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتى فەیس بووک نوسیەیەتى: تورکیا پرۆسەیەکی گەورەی داگیرکاری بەناوی پڕۆسەی چنگی هەورە بروسکە دەستپێکردوە، ئەمە گەورەترین داگیرکاریە لە مێژوی لەشکر کێشیەکانی تورکیادا، بەپێی هەندێک سەرچاوە، زناری کێستەی داگیرکردوە کە بەرزیەکەی دوو ھەزار مەترەو شوێنێکی ستراتیژیە ، هەروەها ھێرشی بەردەوام ھەیە بۆ داگیرکردنی ناوچەکانی زاپ و بۆتان ئاڤاشینی بە درێژایی 100 کیلۆمەترو دەیەوێت بەڕوبەری50 کیلۆمەتری دیکە بێتە قوڵای ھەرێمی کوردستانەوە ...

ئەم ناوچانەی کە تورکیا کە هێرشەکانی لێوە ئەنجام دەدات ناوچەی گرنگ و ستراتیژین و مەترسیە بۆسەر ھەموو ھەرێمی کوردستان،  بەداخەوە سەرۆکایەتی و حیزبە سیاسیەکانی ھەرێم بێدەنگیان ھەڵبژارد ..

ئەگەر بابەت گەریلاکانی پەکەکەیە با تورکیا ئەو ناوچانە ڕادەستی پێشمەرگە بکات ...

لە کۆتایی نوسینەکەشدا گوتویەتى: خەڵکی کوردستان بەشتی لاوەکیەوە سەرقاڵەو نیشتیمان لەبەردەم داگیرکاریەکی گەورەدایە ...