کتێبی: "بە هەردوو دیوی بۆسفۆردا "

28/04/2021
فۆتۆ: 

بیرەوەرییەکانی نووسەری کورد ( نوری بێخاڵی) لە تورکیا

کتێبی: "بە هەردوو دیوی بۆسفۆردا" بڵاوکراوەی: دەزگای (فام) بۆ چاپ بڵاوکردنەوە کە دەکاتە 13هەمین کتێبی نووسەر، ئەم کتێبە کە لە پێشەکییەک (بە قەڵەمی بەڕێوەبەری دەزگای چاپ) و دوو بەش پێکهاتووە (ئەزموونی ژیان لە ئیستانبووڵ و گەشتی وڵاتان)، بریتییە لە گێڕانەوەی سەربووردەی ژیانی گەشت و گەڕان و مانەوەی نووسەر لە ژمارەیەک وڵاتی دونیادا، کە تیایدا تیشک دەخاتە سەر لایەنە کولتووری و مێژوویی و سیاسییەکانی ئەو شوێنانە.

ئەزموونی ساڵ و شتێک مانەوەی نووسە لە تورکیا، بەشە هەرە گرنگەکەی کتێبەکەیە، کە بەهۆی تێکەڵبوون و بەریەککەوتنی ڕاستەوخۆی نووسەر لەگەڵ کۆمەڵگاکەدا، جگە لە خستنەڕووی کونجە پەنهانەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، غەریبزەدەیی کورد و بوونی بە ئاردی ناو دڕکی شارەکانی تورکیا و دوا نەوەی ئاخێوەری زمانی کوردی، ڕووداوگەلی سیاسیی گرنگیش کە لەو ماوەیەدا لەو وڵاتەدا ڕوویان داوە (ڕیفراندۆم بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور، ڕێپێوانی دادپەروەری، گرتنی پەرلەمانتارانی کورد) دیوێکی دیکەی گێڕانەوەکانن بە زمانێکی ئەدەبیی خەیاڵ ئامێزی نزیک لە (ڕۆمان). دواجار هەموو ئەو ڕووداوانە (تەنانەت بە دیاردە کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکانیش) بە سەرەداوێک بە ئێرەی نیشتمان گرێ دراونەتەوە، کە لە بیرەوەریی نووسەردا زیندوو بوون.

خاڵێکی جیاکەرەوەی ئەم کتێبی یادەوەریی و گەشتنامەیە ئەوەیە، کە جگە لە زمان و فەزا ئەدەبییەکەی، لە گێڕانەوەدا سوود لە تەکنیکی فلاش باک وەرگیراوە، ئەویش بە تێکهەڵکێشکردنی ڕووداوەکانی ئەوێ و ئێرە، هاوکات قۆستنەوەی وردترین شت و ڕووداو بۆ کردنە بیانووی خودنووسینەوە و هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی وێستگەکانی تەمەن و ئەزموونی ژیانی نووسەر.

سایەنی باسە نووسەری ئەم کتێبە بەمجۆرە خۆی بە خوێنەرانی ژیان ناساند :

ئەزموونی 29 ساڵ ڕۆژنامەنووسیم هەیە لە هەرسێ بواری میدیا (خوێندراو، بیستراو، بینراو). لەو نێوەدا کاری جیاوازم هەبوون (پەیامنێر، ئەندامی دەستەی نووسەران، بەڕێوەبەری نووسین، جێگری سەرنووسەر، بەڕێوەبەری ڕادیۆ، ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەی ڕادیۆ و تیڤی - کەناڵی ئاسمانیی، بەرپرسی ژووری پەیامنێران و... هتد ).

لە بواری نووسیندا بواری ئەدەب جێی سەرنج و بایەخدانم بووە و ئێستاش هەر وام و زیاتر، بەتایبەتی لەبواری نووسینی شیعر (دوو کتێبی شیعریی چاپکراوم هەن) و لێکۆڵینەوەی ئەدەبیی، هاوکات لە کایەی وەرگێڕانیشدا (لە عەرەبی بۆ کوردی و بەپێچەوانە) بەرهەمم هەن. خوێنەرێکی زۆر جیددی چیڕۆک و ڕۆمانم و سەرسامم بەو دنیایە. لە بواری شانۆشدا کارم کردووە، بەڵام لە ناوەڕاستی نەوەدەکان وازم هێنا، چونکە زانیم دەرەقەتی ئەو هونەرە مەزنە نایەم. کتێبی چاپکراوم لە بواری فیکری سیاسی و میدیا هەیە، بەڵام هەر خۆم بە کوڕی ناو جیهانی ئەدەب دەزانم. تەنانەت ئەم کتێبە نوێیەشم کە دەخوێنیتەوە، ڕاستە بیرەوەریی و گەشتنامەیە، بەڵام لە میانی زمان و تەکنیکەکەیدا هەست دەکەیت جۆرێک لە ڕۆمان دەخوێنیتەوە (بوێریی نووسینی ڕۆمانم نییە).