بەڵێنەکانى بایدن لە 100 رۆژى دەستبەکاربوونیدا

28/04/2021
فۆتۆ: 

سبەى سەد رۆژ بەسەر دەستبەکاربوونى سەرۆکى نوێى ئەمریکا –جۆبایدن- دا تێپەڕدەبێت، ئەو پەیمان و پلانانەى چی بوون لەو ماوەیەدا جێبەجێى کراون و ئەوانەى تر کە جێبەجێى نەکراون چین؟

سەرەڕای ئەوەى سەرۆکایەتى جۆبایدن هاوکات بوو لەگەڵ کۆمەڵێک گرفتى سەرەکی ناوخۆیی و جیهانى ، لەهەموویان گرنگتر پەتاى کۆرۆنا و دابەزینى نرخى نەوت و کێشە ئابورییەکان بوو لەسەر ئاستى هەموو جیهان، بەڵام وەک چاودێران باسی دەکەن ئەم ئاریشانە ئەوى لەکارکردنى بەردەوام سارد نەکردووەتەوە، بەڵام وەک پەندە کوردییەکە دەڵێت: جوجەڵەى بەهار کۆتایی پایز دەژمێررێت، هەربۆیە لەوانەیە هێشتا زوو بێت بۆ ئەوەى هەڵسەنگاندنى کۆتایی بۆ کارەکانى بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا سەد رۆژ کەم نیەو دەبێت ئیدارەکەى و خۆشی وەڵامیان بۆ پرسیارە جۆراوجۆرەکانى گەل و حیزبەکەشیان پێبێت.

لەبارەى کۆرۆناوە:

کاتێک بایدن بووە سەرۆک، کۆرۆنا بڕستى لە ئەمریکا بڕیبوو، گەورەترین مەترسى لەسەر وڵاتەکەى دروستکردبوو، ئەو لە مەراسیمى سوێندخواردنەکەیدا پەیمانى دا لە قۆناغى یەکەمدا 100 ملیۆن ڤاکسین دابین بکات، لە 59 هەمین رۆژى دەستبەکاربوونیدا ئەو ژمارەیەى تۆمارکرد، هەفتەیەک دواى ئەوە گوتى پێش لە 100 رۆژەى دەستبەکاربوونم ژمارەى ڤاکسینەکان دەگەیەنمە 200 ملیۆن، هەفتەى پێشوو پەیمانەکەى بردە سەرو 200 ملیۆنى تێپەڕاندو ئەوەش بووە هۆی کەمبوونەوەى ڕێژەى مردن و ڕەزامەندى چاودێرانى ڕەوشى تەندروستى ئەمریکا.

بڕیارى بەکارهێنانى ڕێککارە خۆپارێزییەکانى توندکردەوە، لەیەکەم رۆژى دەست بەکاربوونیەوە جەختى لەسەر بەستى دەمامک دەکردەوە لەشوێنە گشتیەکان، فەرمانگەکان، لەکاتى گەشتەکانى دەرەوە، سواربوونى هۆکارەکانى گواستنەوەى گشتى و بۆنەو کۆبوونەوەکان.

لەبارەى ئابوریی و کۆمەڵایەیەتییەوە:

یەکێک لەپلانەکانى بایدن قوتارکردن و دەربازکردنى ئابورى ئەمریکا بوو لەسایەى پەتاى کۆرۆنادا، چاودێرانى ئابوورى باوەڕیان وایە بایدن توانیویەتى ئەو کارەبکات و بڕی 1.9 ترلیۆن دۆلار دەستەبەربکات بۆ ڕانەوەستانى قوتابخانەکان، پرۆژە بچووکەکان و دابینکردنى پێداویستى تەندروستى و ڤاکسینى دژە کۆرۆنا.

یەکێکى دیکە لە کارەکانى ڕاگرتنى کارکردن بوو لە دیوارى مەکسیک، و هەرچی ڕێگەکانى پارەدارکردنى بوو وشکى کرد، بەوەش یەکێک لەبەڵێنەکانى بردە سەرو بەو پێیەش بڕێکى زۆر پارە بۆ خەزێنەى دەوڵەت گەڕایەوە.

لە هەمان کاتدا 2.3 ترلیۆن دۆلارى دەستەبەرکرد بۆ چاکسازیی لە ژێرخانى ئابووری، پشتگیریی پیشەسازیی و داهێنانەکان، وزە و خزمەتى چینى کرێکاران و پیشەوەران.

لە هەمان کاتدا پشتیوانى دارایی قوتابیانى کرد پەیمانى پێدان تا کۆتایی ماتگى ئەیلوولى ئەمساڵ پشتیوانییان بکات و یاسای کرێنشینانى ڕاگرت کەلەبەرژەوەندیی خەڵکى کرێنشین و هەژار نەبوو.

یەکێکى تر لە کارەکانى کۆتایی هێنان بوو یاسای قەدەغەکردنى ئەو کەسانەى ڕەگەزى خۆیان گۆڕیوە کە لە سوپادا بەشداریی نەکەن.

لەبارەى پێکهاتەى کابینەکەیەوە:

یەکێک لە سەرکەوتنەکانى بایدن لەو ماوەیەدا بەوە دەستنیشانکراوە کە زۆرترین پێکهاتەو فرەڕەنگى لەنێو کابینەکەیدا هەیە, بەجۆرێک ئیدارەکەى بە (ABC ) ناوبانگى دەرکردووە، بیت بوتیگیگ هاوڕەگەزبازی کردوەتە وەزیرى گواستنەوە، جانێت یلین وەک یەکەم ئافرەتى کردووەتە وەزیرى گەنجینەکان، ئەلیخاندرۆمایۆرکاس کە کۆچبەرە کردوویەتى وەزیرى ئاسایشی ناوخۆ، لوید ئۆستنى ڕەش پێستى کردووەتە وەزیرى بەرگریی.

ئەو بەڵێنانەى لە جێبەجێکردندان:

کردنەوەى دەرگاى قوتابخانەکان، کاتێک ئەو بووە سەرۆک کۆنگرێس ملیاران دۆلارى بۆ قوتابخانەکان تەرخان کرد، هۆی 49%ى دەرگاى قوتابخانە بنەڕەتى و ئامادەییەکان کرانەوە و 29%ى قوتابیانیش لە ڕێگەى ئۆنلاینەوە وانەکانیان خوێندووە.

کۆتایی هێنان بە سیاسەتى کۆچکردن کە ترامپ پەیڕەوى دەکرد، قەدەغەى لەسەر ئەو نەتەوەو ڕەگەزانە هەڵگرت کە پێشتر ڕێگرییان لێکرابوو، بڕیاریدا بە پێدانى ڕەگەزنامە بە 11 ملیۆن کۆچبەرى نایاسایی، هەروەها ئەوانەشى بە نایاسایی چووبوون و تەمەنیان منداڵ بوو. بەڵام هەڵوێستى لەگەڵ ئەو کۆچبەرانەدا توندە کە لەسنوورەکانى باشوورى کیشوەرەکەوە دێن و دەیانگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتانى خۆیان  جگە لەوانەى کە هێشتا تەمەنیان منداڵە. ئەوەش بووەتە هۆی ڕەخنەى توند لەسەرى و پێیان وایە کارێکى نادرووستە.

رەفتارى کارکردن لەنێو فەرمانگە حکومیەکاندا،بایدن فەرمانبەرانى حکومەتى ناچارکردووە بە واژۆکردن لەسەر –پابەندى ئاکاریی- لەبەرژەوەندى خەڵکى ئەمریکا نەک لە بەرژەوەندى تاکەکەس، هەروەها ڕێگرى کردووە لە دەستێوەردانى حکومەت لە لێکۆڵینەوەکانى دادگا و بەسەربەخۆیی پاراستوونى.

یەکێکى تر لەو کارانەى کە بەردەوام کارى لەسەر دەکات هاوکاریی وکردنى هەردوو حیزبی ڕکابەرە لەناو کۆنگرێس دا، نەرمى زۆر لەلایەن حیزبەکەیەوە نوێنراوە بۆ ئەوەى کەمینەى ڕکابەر بتوانن پێکەوە کارەکانیان ڕابپەڕێنن.

لەبارەى ڕێککەوتنەکانەوە:

یەکێک لە کارەکانى بایدن گەڕاندنەوەى شکۆی ئەمریکایە بۆ ڕێککەوتنە نێزدەوڵەتییەکان، ڕێککەوتنى کەش و هەواى پاریس، ڕێکخراوى تەندروستى جیهان، ڕێککەوتنى ئەتۆمى لەگەڵ ئێران، پەیوەندی ئاسایکردنەوە لەگەڵ نەیارەکان و خاوکردنەوەى گرژییەکانى نێوان ئەمریکا و چین.

ئەوانەى جێبەجێ نەکراون:

ئەو کارانەى کە دەبوو بایدن جێبەجێى بکات و تا ئێستا نەیکردووە هەندێک شتن لەوانەش:

دروستکردنى لیژنەیەک بۆ سەرپەرشتیکردنى پۆلیسى نیشتیمانى و ناوخۆیی ئەویش بە ئامانجى چاکسازیی لەو دەزگایەدا، سۆزان رایس ڕاویژکارى سیاسی کۆشکى سپی دەڵێت هێشتا کۆشکى سپی لەو بارەیەوە هیچ هەنگاوێکى نەناوە.

یەکێکى دی نەناردنى پرۆژە یاساى کۆتایی هێنان لە پیشەسازیی چەکە بۆ کۆنگرێس، بەو پێیەى کێشەو کون و کەلەبەرى زۆری تێدایە، دەبوو ئەو پێشنیارانەى بناردایە بۆ کۆنگرێس و ڕێگەى داوە بە کڕین و فرۆشتنى هەندێک چەک کە لە ڕاستیدا نابێت ڕێگەى پێبدرێت، هەربۆیە دەبێت چارەسەر بکرێت کە هێشتا نەکراوە.

لە سەد رۆژەى دەستبەکاربوونى جۆبایدن دا چاوى میدیا و نەیارەکانی لەسەر ئیدارەکەیەتى، تا بزانرێت بەو پێکهاتەى هەمەڕەنگەوە ئەمریکا بەرەو پێشەوە دەبات یان دەیگەڕێنێتەوە بۆ دواوە، چوون هەموو ئەو کارانە کاردانەوەى تەواوەى دەبێت لە هەڵبژاردنەکانى داهاتوودا و (کردنەوە یان داخستن)ى دەرگا دەبێت بەڕووی بایدن و حیزبەکەشىدا.