ئەمریکا و ئیسرائیل ستراتیژی بەرپەرچدانەنەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران دادەڕێژن

28/04/2021
فۆتۆ: 

ڕۆژنامەی (جیروزالیم پۆست)ی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، پلانێکی هاوبەشیان داڕشتووە، بۆ چۆنێتی ڕووبەڕووبوونەوەی موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانی ئێران.

ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوێنێ هەردوو وڵات ڕێککەوتوون لەسەر پێکهێنانی گروپێک بۆ بەدواچوون لەسەر بەرپەرچدانەوەی موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران، بە تایبەت دوای هەڕەشە و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە.

ئەو پلانە هاوبەشەی هەردوو وڵات لەژێر ڕۆشنایی بڕیارێکی کۆنگرێسی ئەمریکادا بەڕێوەدەچێت، کە لە ساڵی ٢٠١٨دا ڕێگەیدا بە پرۆگرامێکی هاوکاریی لەگەڵ ئیسرائیل، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سیستمی ئاسمانی بێفڕۆکەوان و ئاراستەکراو.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە، ئەو مۆڵەتەی کۆنگرێسی ئەمریکا، ڕێگەی داوە بە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، بۆ ئەنجامدانی توێژنەوە و گەشەپێدان و تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی چالاکی هاوبەش لەگەڵ ئیسرائیل، بە مەبەستی گەشەپێدانی توانا تایبەتەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە ئاسمانیانەی کە هەڕەشە لە هەردوو وڵات دەکات.

ئەو پڕۆژەی هاوکارییە تا ساڵی ٢٠٢٤ درێژەی دەبێت و ساڵانە بڕی ٢٥ ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخاندەکرێت.

ڕاپۆرتی ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لەمڕۆدا ئێران خاوەنی ژمارەیەکی نەزانراوە لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، کە لە ساڵی  وە٢٠١٩ لە دژی سعودیە بەکارهێناوە، هاوکات لە ساڵی ٢٠١٨دا لە بنکەی (T-4 )ی سوریاوە ئاراستەی بواری ئاسمانی ئیسرائیلی کرد.

ڕاپۆرتی ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە ئاماژەی کردووە بە لێدوانەکانی ژەنەڕاڵ کینس ماکینزی فەرماندەی ناوەندیی سوپای ئەمریکا، کە لە مانگی ئازاری ڕابردوودا لە بەردەم کۆنگرێسی وڵاتەکەیدا ڕایگەیاند، لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ملیاران دۆلار لە گەشەپێدانی تەکنەلۆژیای ڕووبەڕبوونەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان خەرجدەکاتن بەڵام هێشتا مەترسییەکە هەر بەردەوامە.

ماکینزی ئاماژەی بەوەکردبوو، هەرەشەکان لە دوو گروپی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوەیە، یەکەمیان بچوکن و توانای هەڵگرتن لکاندنی بۆمبی دەستی و گوللـە هاوەنیان هەیە، دووەمیان گەورەترن و وەک فڕۆکەی ئاسایی وان و ئەوانەیان مایەی دوودڵین.

ئێران خاوەنی چەند جۆرێک لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووە، لە نموونەی، (شاهید ١٧١) کە کۆپی (RQ-170 )ی ئەمریکایە، هەروەها (شاهید ١٢٩) کە کۆپی (برایداتۆر)ی ئەمریکییە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی کردووە بە چەند سیستمێکی بەرگری ئیسرائیل، کە بەکاریان دەهێنێت لەدژی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، ەک سیستمی قەڵغانی ئاسنین کە بۆ بەرپەرچدانەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بچووکەکان بەکار دەهێنرێت، هەروەها سیستمی (درون گارد) و سکای لۆرد و چەندین سیستمی بەرگری دیکە.

راپۆرتی ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئیسرائیل پێویستی بە چەکێکە، کە بتوانێت بەشێوەیەکی باش فرۆکە بێفڕۆکەوان گەورەکان بپێکێت، بە تایبەت ئەوانەیان بە خێراییەکی زۆر دەفڕن بەرەو ئامانجەکانیان.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، کار لەسەر یەکخستنی هەوڵەکانیان دەکەن، بە تایبەت کۆمپانیا بەرگرییەکانی ئیسرائیل کاردەکەن لەسەر هەناردەکردنی تەکنەلۆژیای ڕووبەڕبوونەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ئەمریکا و لە بەرامبەریشدا ئەمریکا سیستمی دژە ئاسمانی بۆ ئیسرائیل هەناردە دەکات.