بایدن یەکەم وتاری لەبەردەم کۆنگرێس پێشکەش کرد و پلانێکی ئابوری راگەیاند

29/04/2021
فۆتۆ: 

جۆ بایدن وەک 46ەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یەکەم وتاری خۆی لە کۆنگرێس پـێشکەشکرد و تیایدا پلانێکی نوێی ئابوری راگەیاند.

شەوی رابردوو جۆ بایدن لەبەردەم کۆنگرێسی ئەمریکا رایگەیاند، "بە درێژایی مێژووی ئەمریکا سەرۆکەکان بۆ ئەم هۆڵە هاتوون بۆ ئەوەی قسە بۆ کۆنگرێس و وڵاتەکە و جیهان بکەن لەبارەی ڕاگەیاندنی شەڕ یان ئاهەنگگێڕان بۆ ئاشتی و ڕاگەیاندنی پـلان و ئەگەرە نوێـیەکان، بەڵام ئەمشەو من هاتووم قسە بکەم لەسەر قەیران و هەلەکان و لە بارەی بنیادنانەوەی وڵاتەکەمان و بوژاندنەوەی دیموکراسی وڵاتەکەمان و ئایندەی ئەمریکا ببەینەوە".

وتیشی: "ئێستا ١٠٠ ڕۆژ تێپەڕبووە بەسەر ئەو کاتەی کە سوێندی یاساییم خوارد و دەستم خستە سەر ئنجیلی بنەماڵەکەمان، وڵاتێکم بۆ بەجێما کە لە قەیراندا بوو، خراپـترین پەتا لەوەتای سەدەیەک، خراپـترین قەیرانی ئابوری لەوەتای بێبازاڕیی بەرفراوان، خراپـترین هێرش بۆ سەر دیموکراسی وڵاتەکەمان لەوەتای شەڕی ناوخۆیی، بەڵام ئێستا و تەنیا پاش 100 ڕۆژ دەتوانم بۆ وڵاتەکەم ڕابگەیەنم، ئەمریکا جارێکی دیکە هەنگاو بەرەو پـێشەوە دەنێت".

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، دەبێت لەرێگەی نوێکردنەوەی ژێرخانی وڵاتەوە و بە مۆدێرنکردنی شەقامەکان، پردەکان، شەقامە خێراکان، دروستکردنی بەندەر و فڕۆکەخانە، هێڵی گواستنەوە، بۆریی ئاو و وێستگەی بارگاویکردنەوەی ئۆتۆمبێلی ئەلکترۆنی، هەلی کاری زیاتر برەخسێنن و  پێشکەوتنی زیاتر بۆ وڵاتەکەیان دەستەبەر بکەن.

بایدن وتی: " ژیان و قەیرانەکان دەتوانن هەرەسمان پـێبهێنێت، بەڵام ئێمە لە ئەمریکا هەرگێز ناڕوخێین، ئێمە هەمیشە هەڵدەسێنەوە، ئەمڕۆ ئێمە ئەوە دەکەین و سەرلەنوێ ئەمریکا هەڵدەستێتەوە".

دووپاتیشیکردەوە، "پاش 100 ڕۆژ لە هەوڵی ڕزگارکردن و نوێبوونەوە، ئەمریکا ئامادەیە بۆ هەستانەوە، جارێکی دیکە پـێکەوە کاردەکەین و خەونمان دەبێت و داهێنانمان دەبێت و ڕێبەراتی جیهان دەکەینەوە، بۆخۆمان و جیهانمان سەلماند کە ئەمریکا کۆڵ نادات".

بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ئەمساڵ ژمارەیەکی کەم لە ئەندامانی کۆنگرێس و بەرپرسانی ئەمریکا بانگهێشتنامەی ئامادەبوونی وتارەکەی سەرۆکیان بۆچووبوو، بۆیە نزیکەی 200 کەس ئامادەبوون، ئەمەش زۆر کەمە بەراورد بە جاران کە زیاتر لە هەزار و ٦٠٠ کەس ئامادەی وتاری سەرۆک دەبوون.

هەریەکە لە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوە و لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری و جۆن ڕۆبێرتس سەرۆکی دادگای باڵای ئەمریکا لە نێو ئامادەبوواندا بوون.