ئیسرائیل.. لە مەراسیمێکى ئاینیدا 44 کەس گیانیان لەدەستدا

30/04/2021
فۆتۆ: 

لەکاتی بەڕێوەچونی مەراسیمێکی ئاینیدا لە جەبەل جەرمەق مێرون، لە باکوری ئیسرائیل، 44 کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسیش برینداربوون.

کەناڵى ڕوسیا 24، بڵاویکردەوە، شەوی رابردو لەکاتی بەڕێوەچونی مەراسیمێکی ئاینیدا لە جەبەل جەرمەق مێرون، لە باکوری ئیسرائیل، بەهۆی قەرەباڵغیی 44 کەس گیانیان لەدەستداوە.

بەپێى زانیارى سەرچاوەکە، ڕووداوەکە لەکاتی بەڕێوەچونی مەراسیمی ئایینی بەناوی "لاک بعومەر" لە چیای مێرون لە گالیلی ڕوویداوە و بەهۆی قەرەباڵغیی زۆر خەڵکەکەى کەوتون بەسەر یەکدیدا گیانلەدەستدان و برینداربوون لە ڕووداوەکە تۆمارکراوە.

دوای ڕوداوەکەش، پۆلیسی ئیسرائیل دەستی کردوە بە چۆڵکردن و بڵاوەپێکردنی سەردانکەران لە چیاکە.

بەپێى زانیارى سەرچاوەکە، تاوەکو ئێستا جگە لە مردنى 44 کەس، زیاتر لە 100 کەسیش برینداربون.

ئەو شوێنەی رێوڕەسمە ئایینیەکەى تیا بەڕێوەچووە، 10 هەزار کەس رێگەپێدراوبوون بەشداری بکەن، بەڵام رێکخەرانی رێوڕەسمەکە دەڵێن لانیکەم 30 هەزار کەس بەشدارییان کردووە.

رێوڕەسمی "لاک بعومەر" رێوڕەسمێكی ئایینی جوەکانە، ساڵانە لەسەر چیای جرموق بەڕێوەدەچێت، کە لەسەر چیاکە مەزارگەی حاخام شەمعون بار یوشای لێیە، مێژوەکەی بۆ سەدەی سێ دەگەڕێتەوە و بە پیرۆزترین مەزارگەکانی جوەکان دادەنرێت.

لاى خۆیەوە، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل روداوەکەی بە کارەساتێکی زۆر گەورە لە وڵاتەکەى ناوبرد.

ڕووداوەکەش بە ڕووداوێکى تراژیدى ناودەبرێک لە ماوەى 10 ساڵى ڕابردوودا لە وڵاتى ئیسرائیل.